شێخ مەحموود حەفیدزادە: داهاتووی کوردستان گەشە

شێخ مەحموود حەفیدزادە: داهاتووی کوردستان گەشە
شێخ مەحموود حەفیدزادە، کەسایەتیی دیاری سلێمانی و نەوەی شێخ مەحموودی نەمر دەڵێ، چوار ساڵی ئایندەی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ڕوونە و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی، کوردستانێکی بەهێزیان مەبەستە، پێویستە ئەو دەرفەتەی بۆمان هاتووەتە پێشەوە، بیقۆزینەوە.

چۆن دەڕواننە چوار ساڵی ئایندەی کوردستان؟

شێخ مەحمود حەفید زادە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕایگەیاند: "کوردستان ئایندەیەکی گەش و ڕووناکی لە پێشە، ئەگەر خۆمانی باش بۆ ئامادە بکەین دەتوانین سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنین و بتوانین ئەو فرسەتانەی کە لە ئایندەدا دێنە پێش بەباشی بیانقۆزینەوە. ئەمڕۆ جیاواز لە ڕابردوو پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا گرنکی و بایەخی خۆی هەیە بۆ داهاتوو، بەهەمان شێوە و زیاتریش دەبێت بۆ جیهان و ناوچەکە و تەنانەت بۆ وڵاتانی دراوسێش ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە حکوومەتێکی بەهێز لە کوردستان نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکو زامنی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشە و لە بەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە، ئێستاش حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی دەکات و دروشمی بۆ ئەو ئامانجە بەرز کردووەتەوە. ئومێدەوارم بتوانێت پایەکانی حوکمڕانی بەهێز بکات و دامودەستگاکانی حوکمڕانی بەدامەزراوەیی بکات، کە ئەمەش هیوای هەموو لایەکمانە و ئەو چاوەڕوانییەمان لێی هەیە کە چوار ساڵی ئایندە، حکوومەتی هەرێم گۆڕانکاری لە هەموو ئاستەکاندا بهێنێتە ئاراوە."

گرنگیی پێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان؟

مەحموود حەفید زادە دەڵێ: "لەسەر ئاستی جیهان دەبینین پێگەی هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخە و پاڵپشتیی لێ دەکرێت، هاتنی شاندی بەرزی وڵاتانی زلهێز و جیهانی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە پێگەی هەرێمی کوردستان گرنگە، هەروەها لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و دەوڵەمەندیی خاکەکەی بەو سامانە سروشتییەوە، بەتایبەت نەوت و گاز وای کردووە ببێتە سەرچاوەی گرنگی جیۆسیاسی_ئابووریی ناوچەکە. دەبێ ڕۆڵی ڕێزدار، جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بەرز بنرخێنین، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهەوڵ و کۆششەکانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان توانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان بە ئاستێکی بەرز بگەیەنێت و بەهێزی بکات، بەرهەمی ئەو هەوڵ و ماندووبوونەش ئەوەیە کە ئەمڕۆ دەبینین وڵاتانی جیهان بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم پێگەیەی هەرێم و ڕۆژانە باڵوێزخانەی وڵاتان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و لەزیادبووندایە، لەسەر ئاستی ناوخۆش دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم زۆر گرنگە و جێگەی ئومێدە و چاوەڕوانی کاری گرنگ و گەورەی لێ دەکرێت. بەتایبەت ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی ناوماڵی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا".

ئێستا کوردستان لەچ دۆخێکدایە؟

مەحموود حەفیدزادە گوتی: "ئێستا قەیرانەکان بەرەو کۆتایی دەچن و هەموو هەڕەشەو بەربەستەکان تێکشکێنران بە خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خوێنی شەهیدە سەربڵندەکانمان و خەباتکارانی سەرکردایەتیی سیاسی کورد خۆشبەختانە کوردستان بەرەو بنیاتنانەوە و ڕێکخستنەوە و چارەسەری کێشە و گرفتەکان هەنگاو دەنێت. ئومێدەوارم بە یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و گەلەکەمان هەنگاو بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتنی گەورە بنێین".

تا چەند پێتان وایە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییە جیهانی و ناوخۆییەکانی کوردستان بەهێز دەبن؟

حەفیدزادە هێما بۆ ئەوە دەکات: "بێگومان بەهێز دەبن، کەسایەتیی جەنابی کاک نێچیروان بارزانی و ئەزموونی سیاسی و ئیداریی چەندین ساڵەی وا دەکات کە پەیوەندییەکان لە هەردوو ئاستەکەدا بەرەوپێش بچن. جیا لەمانەش، لە ناوەندەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەکەشدا پێگەی بەهێزی هەیە و بە کەسایەتییەکی دیپلۆماتکاری بەتوانا دەژمێرێت، ئەگەر سەرنج بدەین لە کاتی دەستبەکاربوونی بەڕێزیان لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا لە زۆربەی ناوەندەکانی سیاسی وڵاتانی زلهێز و نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمیدا بەبایەخەوە لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە پێشوازیی لێ کرا و ئومێدی زۆرمان پێیەتی و سەرکەوتوو دەبێت لەم ئەرکە گرنگ و مێژووییەدا".

پەیوەندیی دیپلۆماسیی کوردستان لەگەڵ وڵاتان چۆن دەبینن بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

حەفیدزادە گوتی: "دڵنیام زۆر فراوان دەبێت، قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە و پەیوەندییەکان ڕێک دەخرێتەوە و بەهێزتر دەبن لەسەر هەموو ئاستەکاندا، گەشبینم بە ئایندەی هەرێمی کوردستان".

چۆن دەڕواننە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی؟

شێخ مەحموود حەفیدزادە گوتی: "جەنابی کاک مەسروور بارزانی کەسایەتییەکی کاریگەر و بەتوانایە و ئەزموونێکی باشی سیاسی و ئیداری و ئەمنیی هەیە لە ئەرکەکانی ڕابردوویدا سەرکەوتوو بووە و لە کارکردندا کەسایەتیەکی جددییە. پاشان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کە بەشداری لەکابینەکەدا دەکەن پێشتر لەسەر بەرنامەی کاری حکوومەت ڕێک کەوتوون، ئەمەش زۆر گرنگە، لەوانیش گرنگتر، ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەکانی بەشداربووی حکوومەتدا واژۆ کراوە، کە پێکەوە کار بۆ سەرخستنی کارنامەکەی حکوومەت بکەن و دروشمی کابینەکەش بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە واتای حکوومەتێکی بەهێز و دامەزراوەیی و خزمەتگوزار، ئومێدەوارم هەرچی زووە کابینەی نوێ دەستبەکار بێت".

یەکگرتووییی ناوماڵی کورد چ هەنگاوێکی دەوێ؟

مەحموود حەفیدزادە دەڵێ: "پێش هەموو شتێک ئیرادەی دەوێت، چونکە ئەگەر ئیرادە هەبوو هەموو کارێک ئاسان دەبێت، پاشان ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی و وەلانانی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی و لێبوردەیی و سازشکردن لەپێناوی گەل و ئامانجەکانیدا، دەبێ یەکتر قبووڵ بکەین و ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلەکەمان و ئازادییەکان و پڕۆسەی دیموکراتی بگرین، دەبێ ئەوە بزانین ئەگەر گەلی کوردستان و حکوومەتەکەمان سەرکەوتوو بێت، هەموو لایەک سەرکەوتووە، هیواخوازم ئەزموون لە ڕابردوو وەربگرین و بە یەکڕیزی و تەبایی و هاوهەڵوێستی دەتوانین هەموو هیوا و ئامانجەکانمان بهێنینە دی".

ئێستا لەسەر ئاستی چوارپارچەی کوردستان دەوری سەرۆک بارزانی چۆن دەبێت؟

شێخ مەحمود حەفیدزادە دەڵێ: "جەنابی سەرۆک بارزانی ئێستا مەرجەعی باڵای کوردستانە، ئەمە حەقیقەتێکە و ئەوەی ئینکاری ئەمە بکات، خۆی لە ڕاستییەکان دەشارێتەوە، هەموو دەزانین جەنابی سەرۆک زۆر ماندوو بووە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و لەو پێناوەدا فیداکاری و قوربانیی زۆری بەخشیوە، ئەوەی خاوەنی ویژدانێکی زیندوو بێت قەدری بەڕێزیان دەگرێت لەسەر ئاستی چوارپارچەی کوردستانیش هەیبەت و شکۆیە بۆ نەتەوەکەمان".

چۆن دەڕواننە لێدوانی کۆمەڵێک سیاسی و سەربازی کە دۆخی وڵات به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بەن؟

شیخ مەحموود حەفید زادە دەڵێ: "هەر لێدوانێک بە ئاراستەی لێکترازان و شێواندنی دۆخی ئارام و سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی کوردستان بێت، کارێکی هەڵەیە و، تەنها خزمەت بە ئەجێندای دوژمنانی کورد دەکات، پێویستە بەرپرسەکان زۆر هەستیارانە لێدوان بدەن، کارێک نەکەن سەقامگیریی ناوخۆ و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک بچێت و جووڵەی بازاڕ بوەستێت، هەموو دەزانین ڕەوشەکە زۆر ناسکە، باری دەروونیی هاووڵاتییان بەگشتی لە دۆخێکی شڵەژاودایە بەهۆی گرفت و کاریگەریی قەیرانەکانەوە لەسەریان، ئێستا لە چاوەڕوانی هەواڵی خۆش و گەشەسەندنی دۆخی ئابووری و بووژاندنەوەی بازاڕ و چارەسەرکردنی کێشەکانیاندان و بەرگەی ئەوە ناگرن ڕەوشەکە ئاڵۆز بکرێتەوە، نابێت هیچ لێدوانێک بدرێت کە خزمەت بە بەرژەوەندیی کۆمەڵگا نەکات".

چۆن دەڕواننە وتەی کۆمەڵێک بەرپرس لە سلێمانی کە باس لە دابەشبوون و دووئیداره‌ییی هەرێمی کوردستان دەکەن؟

نەوەکەی شێخ مەحموودی نەمر دەڵێ: "هیوادارم گوێم لەم وتە و هەڵوێستانە نەبێت، حەزیش ناکەم شتی وا ببیستم، پێویستە هەمووان لە خەمی کێشەی گەل و خاکدا بین، دەریایەک خوێن ڕژا بۆ ئازادی و سەربڵندیی گەل و سەربەخۆییی کوردستان، هیچ پاساوێک نییە کە جەستەی نیشتمان پارچەیەکی تری لێ بکەینەوە. ئەگەر کێشە هەیە با بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێت نەک کارێک بکەین دوژمنانی گەلەکەمان دڵخۆش بکەین، بیرۆکەی وا بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە و لە بەرژەوەندیی گەل و هیچ لایەنێکی سیاسیشدا نییە و ڕەت دەکرێتەوە".


kdp -
Top