لێژنەی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەزموونە گشتییەکان ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 24/6/2019، لێژنەی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەزموونە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "بەداخەوە کۆمەڵێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، کەوتوونەتە تەقە و پڕوپاگەندەی ناڕاست و نەشیاو لەسەر دیمەنێکی ڕێوڕەسمەکە کە گوایە (قوتابییەکی باڵاپۆش) خراوەتە دواوە".
باس لەوەش کراوە: "بۆ بەرچاوڕوونی ھەمووان ڕایدەگەیێنین، کە بردنەدواوەی قوتابییەکە ھیچ پەیوەندی بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکوو لە ڕێکخستنی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی ئاستی ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ڕیزبەندی، داوا لە سێیەمەکان کراوە بچنە پشتەوە و دووەمەکان لە ڕێزی دووەم و یەکەمەکانیش لە پێشەوە بووەستن، ئەم قوتابییەش ئاستی دووەمی بەدەست ھێنا بوو، بۆیە برایە ڕیزی دووەم، ئەگەر ئێمە ھەر نیەتێکی دیکەمان ھەبوایە ئەوا ھەر لە سەرەتاوە بە مەرج بانگھێشتمان دەکرد".
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ئەم پروپاگەندانە ھەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو سەرکەوتنەی پڕۆسەی ئەزموونەکانی ئەمساڵ کە ئاستی دەرچوون بە بەراوردی ساڵی ڕابردوو، دوو بەرامبەرە، ئێمەش لە وەزارەتی پەروەردە لەمڕۆوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ھەر ناوزڕان و تەشھیرێک دەگرینە بەر و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین".
باسنيوز
