ئومێد خۆشناو: بنکەی جەماوەریی پارتی پێی خۆش نییە کۆمەڵ بەشداریی کابینەی نوێ بکات

 ئومێد خۆشناو: بنکەی جەماوەریی پارتی پێی خۆش نییە کۆمەڵ بەشداریی کابینەی نوێ بکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە بنکەی جەماوەریی حزبەکەی پێی خۆش نییە کۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.

ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی و ئەندامی شاندی باڵای پێكھێنانی كابینەی نوێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەی بڕیاریان داوە بەشداریی کابینەی نوی بکەن تەواو بووە، ئێستا مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێ ”چاوەڕوانیی ناوی كاندیدی لایەنەكان دەكات“.

ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاندووە، ھەر لایەنێك ناوی كاندیدەکانی لە کاتی دیاریکراودا خۆی پێشكەش نەكات، ”ئەوا پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی بۆ دواناخرێ و لە كاتی خۆیدا بە ڕێوە دەچێت“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەر لە دەست پێ کردنی پشووی هاوینەی پەرلەمان (1ـی تەمموز تا 1ـی ئەیلوول)، پەرلەمان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدات و ”ھیچ ڕێگرییەك لە پێش پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نییە“.

لەبارەی رای پارتی لەسەر بەشداریکردنی کۆمەڵ لە کابینەی نوێی حکوومەت، ئومێد خۆشناو رایگەیاندووە، ”ھیچ بابەتێكم لە سەركردایەتیی پارتی نەزانیوە، كە پێیان خۆش بێت یان نا كۆمەڵ بەشداری كابینەی نوێ بکات، بەڵام بنكەی جەماوەریی پارتی و ئەندامان و دەنگدەران، پێیان خۆش نییە كۆمەڵ بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكات“.







باسنیوز
Top