وەزارەتی شارەوانی ماوەی كاركردنی كۆمپانیاكانی خاوێنكردنەوەی ههولێر درێژ دەكاتەوە
فەرمان خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی 30ی ئەم مانگە دوایین ڕۆژی كاركردنی ئەو كۆمپانیایانەیە، كە كاری خاوێنكردنەوەی ناوشاری هەولێر دەكەن بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵیان كرابوو لە لایەن وەزارەتی شارەوانییەوە".
خەلیل ڕاشیدەگەیەنێت: "قورسە حكوومەت بتوانێت لە ماوەی هەفتەیەكدا سیستەمەكە بگۆڕێت یان كارەكە بە كۆمپانیایەكی دیكە بسپێرێت، بۆیە نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی دەرببڕێت بە درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكە. پاشانیش سیستمی تەندەری ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی بیدات بە كۆمپانیای دیكە یاخود هەر كۆمپانیایەك بە هەرزانترین و باشترین نرخ كارەكە ئەنجام بدات".
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەیی لە شارەوانیی هەولێر ئەوەشی ئاشكرا كرد: "ئەو بۆنەی كە هەندێ جار بەسەر شاری هەولێردا دێت و خەڵك پێ وایە ئەوە بۆنی ئەو زبڵەیە كە ئێمە دەیسووتێنین، دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە ئێمە بە هیچ جۆرێك زبڵ و خاشاك ناسووتێنین، بەڵكوو بە شێوەیەكی زانستیانە هەڵیدەگرین، بۆیە ئەو بۆنەی كە دێـت، بۆنی هەندێ پاڵاوگەی نایاساییە بەسەر شارەكەدا دێت و بۆ ئەمەش حكوومەت رێوشوێنی گرتووەتە بەر تا بە زووترین كات دایانخات".
kdp -
