ھەوڵ دەدرێت نرخی كارتی مۆبایل هەرزان بكرێت

	 ھەوڵ دەدرێت نرخی كارتی مۆبایل هەرزان بكرێت
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ، بە ھۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە، ماوەی چەند ساڵێكە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا سەدا ٢٠ی پارەی كارتی مۆبایل بۆ حكوومەتە، بەڵام لە ئێستادا ھەوڵ دەدرێت نرخی كارتەكان وەك پێشووی لێ بكرێتەوە.

ئومێد محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵیش بە ھەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو لە یاسای بودجە ٢٠%ی پارەی كارتی مۆبایل بۆ حكوومەتە، كە پێشتر بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ئەو كارە كرابوو، بۆیە كارت نرخەكەی گران ببوو، بەڵام ئێستا دۆخی ئابووریی ھەرێم باشە و ھیچ كێشەیەك نەماوە، بۆیە پێویستە نرخەكان وەكو خۆی لێ بكرێتەوە و كارتی پێنج ھەزاری بە پێنج ھەزار دینار بێ و ناكرێت زیاتر لە نرخەكەی خۆی بێت".

محەمەد گوتیشی: "ئێمە داوامان كردووە كە ئەو ٢٠%ی پارەی كارتەی كە بۆ حكوومەت دەچێت، نەمێنێت و نرخی كارت وەكو خۆی لێ بێتەوە، بۆیە ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی نرخی كارت كەم ببێتەوە".

دەشڵێ، ئەو بڕیارەی دراوە، لەلایەن كۆمپانیاكانی كۆڕەك و ئەوانەی دیكەی پەیوەندییەوە نەدراوە و حكوومەتی عێراق داویەتی، بۆیە پێویستە ھەر خۆشیان ھەڵیوەشێننەوە.
kdp -
Top