مەسروور بارزانی و شاندێكی پەرلەمانی بەریتانیا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتیان تاووتوێ كرد
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣-٦-٢٠١٩، مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی گرووپی هەموو پارتەكانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ دۆستایەتیی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جاك لۆپرێستی، سەرۆكی گرووپی هەموو پارتەكانی پەرلەمان و ئەندامێتی ستیڤ رید، تۆبی پێركینس و گاری كێنت بەڕێوەبەری گرووپی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا كرد.
لەو دیدارەدا، مەسروور بارزانی دەستخۆشی لەو گرووپەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا كرد بۆ هاوكاری و پشتگیرییەكانیان لە هەرێمی كوردستان و باسی لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرد.
هەر لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرا و جەخت لەوە كرایەوە، كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەكانی خۆی بۆ پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان چڕتر بكاتەوە.
لەلای خۆیەوە، شاندی گرووپی هەموو پارتەكانی پەرلەمانی بەریتانیا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە و مەبەستی سەردانەكەشیان روون كردەوە، كە لەلایەك هانی وەبەرهێنەرانی بەریتانیا دەدەن روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، لەلایەكی دیكەوە دەیانەوێت لێكۆڵینەوە لەبارەی چۆنێتی هاوكاریكردنی پەنابەران و ئاوارەكان بكەن.
لەكۆتایی دیدارەكەدا، وێڕای بەئاوات خواستنی سەركەوتن بۆ مەسروور بارزانی لە ئەركی نوێدا، ئامادەیی خۆشیان بۆ پشتیوانیكردن لە كابینەكەی دەربڕی لەمیانەی هاندانی سەرمایەدارانی بەریتانیا و بەشداریكردنیان لە بەرەوپێشەوەبردنی بواری ئابووری و پێشكەشكردنی پسپۆڕی بۆ بوارە جیاكانی هەرێمی كوردستان.
kdp -
