فەلاح مستەفا: پەیوەندی کوردستان و ئەمریکا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رايگەیاند: "بایەخدانی ئەمریکا بە ھەرێمی کوردستان ھاتنی شاندی ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە بەسەرۆکایەتی جێگری بەرپرسی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەراست بەپشتیوانی حکوومەتی ئەمریکا دەرخەری ئەوەیە کە بایەخێکی زۆر بە کوردستان دەدرێت و ھەنگاوێکی دیکەیە بۆ پەیوەندییە سەربازیی و سیاسیی و ئابوورییەکان".
گوتیشی: "ئومێدەوارین تێکەڵکردنی کەرتی ئابووری لەنێوان ھەردوولا ببێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی ھەرێمی کوردستان لەرووی ئابووریی و ھاندان بۆ دەرفەتی ئابووریی و خزمەتگوزاریی و دەرفەتی کار کە لەگەڵ سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم یەک دەگرێتەوە بۆ ھەلی کار و خۆشحاڵن بەو ھاتنە".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، سەرەتای قۆناغێکی نوێی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەست پێ دەکات کە پەیوەندییەکان بەئاراستەی باش لەنێوان ھەردوولا بروات.
باسنيوز
