باڵی سەلەفییەکانی ناو کۆمەڵ هۆشداری بە عەلی باپیر دەدەن

باڵی سەلەفییەکانی ناو کۆمەڵ هۆشداری بە عەلی باپیر دەدەن
باڵێکی نێو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە دژی پێشنیازێکی ئەمیری حزبەکەیان بێدەنگ نابن و هۆشداریی توندی پێ دەدەن.

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕاگەیاندبوو، بۆ فراوانکردنی حزبەکەیان ئەگەر پێویستی کرد، لە کۆنگرەدا پاشگری ئیسلامی لێ دەکەنەوە.

لە ئەنجامی ئەو لێدوانەدا، باڵی سەلەفییەکانی نێو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کە زۆرینەیان کادیرانی حزبەکەن لە سنووری گەرمیان، نیگەران بوون و هۆشدارییەکی توندیان بە عەلی باپیر داوە و داوایان کردووە کە چیتر باسی لابردنی پاشگری (ئیسلامی) نەکات.

لەلایەن خۆیەوە محەمەد بامۆکی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی ڕايگەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی، لیژنەیەکی باڵای لە سەرکردایەتی پێکھێناوە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە بکات، دوای بەرنامەی کاری لیژنەکە، ”ئێمە ڕێکاری دیکە دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی بتوانین کۆنگرە ئەنجام بدەین“.

باسیشی لەوە کرد کە بڕیاریان داوە ئەمساڵ کۆنگرەی حزبەکەیان ببەستن و دوای نەخەن، ”بێگومان تاوەکوو ئێستاش ھیچ ھەوڵێک نییە بۆ ئەوەی کۆنگرە دوابخەین“.

لەبارەی پێشنیازەکەی عەلی باپیر بۆ لابردنی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەکە، بامۆکی گوتى: ”پۆستی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، کۆنگرەی حزبەکەمان یەکلایی دەکاتەوە و لە کۆنگرەدا قسە و باسی لێوە دەکرێت، بێگومان بۆ لابردنی پاشگری (ئیسلامی)ش ئێمە حزبێکین بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر پرسەکان دەدەین و ئەگەر زۆرینە چی بوو، ئێمە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەین“.









باسنيوز
Top