ئاسایشی کەرکووک: چەکدارانی داعش بەبێ منەتی لە سنووری کەرکووک جوڵە دەکەن

ئاسایشی کەرکووک: چەکدارانی داعش بەبێ منەتی لە سنووری کەرکووک جوڵە دەکەن
بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووک رایدەگەیەنێت، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری کەرکووک بە ئارەزووی خۆیان جوڵە دەکەن و سەرانە لە خەڵکی دەستێنن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23/6/2019، ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووک ڕايگەیاند، چەکدارانی داعش بەشێوەی پارتیزانی لە سنووری پارێزگای كەركووک جموجۆڵیان هەیە و ئەوان شەوانە بە شێوەی مەیدانی لە سنووری شارۆچكە و شارەدێكانی كەركووك دەگەڕێن.

ئیدریس رەفعەت هەروەها رایگەیاند، کە داعش هەڕەشە لەخەڵکی کەرکووک دەكات و داوای سەرانە دەكا، ”ئەگەر پارەیان پێ نەدرێت ئەوا دەغڵودانی جووتیاران دەسوتێنێت و جووتیارەکان دەکوژێت".

بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووک ئاماژەی بەوەش کرد، کە چەکدارانی داعش بەشێوەیەک لە هێز و میلیشیا عێراقییەکان بێ منەتن، دەچنە سەر ماڵان و داوای ئامادەکردنی خوارسنیان لێ دەکەن.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێز و میلیشیا عێراقییەکان بەرپرسیارێتیی ئەمنیی کەرکووکیان گرتە دەست و بەهۆی ناکاراییشیانەوە، شانە نووستووەکانی داعش دەستیان بە جموجۆڵ و کردەی تیرۆریستی کردەوە.










باسنيوز
Top