كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ بەرەی توركمانی دەستی پێكرد

	 كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ بەرەی توركمانی دەستی پێكرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی یاوەری، سەردانی بەرەی توركمانی كرد.

مەسروور بارزانی، لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی كۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش، بەشداریی بەرەی توركمانییە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.

پێشتر ئایدن مەعرووف، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندبوو، كە ئەوان پشتگیریی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەكەن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و بۆ هەمان مەبەست، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، لەگەڵ نۆ پارت و لایەنی دیكەی توركمانی كۆ بووەوە.



هەفتەی رابردووش مەسروور بارزانی سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە.
kdp -
Top