د. كەڤال: سەرۆكی ھەرێم دەیەوێ كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی بڕیار بێت
د. مووسا كەڤال، شارەزای كاروباری توركیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چوونی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ھەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە، چونكە گۆڕانكاریی زۆر لە ناوچەكەدا دەكرێت و پەیوەندیی ھەرێم و توركیاش پێشتر باش نەبوو و ئێستا پەیوەندییەكان زۆر باش بوون و ھەنگاوی باش نراون، هەروەها سەرۆكی ھەرێمیش كەسێكی شارەزایە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە و دەتوانێ پەیوەندییەكان باشتر بكات و توركیاش وڵاتێكی گرنگە و پێویستە پەیوەندیی ھەردوولا باش بێت".
كەڤال گوتیشی: "نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی بڕیار بێت و رۆڵی گرنگی ھەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی لەگەڵ ھەموو وڵاتاندا باشتر بكات، كە یەكێك لەو وڵاتانە توركیایە، بۆیە سەرۆكی هەرێم ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ كورد، دەیكات".
ئەو شارەزایەی كاروباری توركیا باسی لەوەش كرد، نێچیرڤان بارزنی لە ماوەی ڕابردوودا ھەوڵی زۆری بۆ پڕۆسەی ئاشتی داوە و ئێستاش ھەوڵ دەدات پڕۆسەكە زیندوو بكاتەوە و كێشەی كورد چارە بكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە تا چەند توركیا ئامادەیی نیشان دەدات و رازی دەبێت پڕۆسەكە دەست پێبكاتەوە، چونكە تا ئێستا سیاسەتی توركیا وەكو خۆیەتی و نێچیرڤان بارزانییش ھەوڵی زیاتر بۆ چارەكردنی كێشەی كورد لە توركیا دەدات.
kdp -
