سەفین دزەیی زانیاری لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەران دەخاتە ڕوو
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند: ”بەهۆی بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 لەلایەن بەغداوە تا ئێستا یاسای بوودجە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند نەكراوە، لە چوارچێوەی یاسای پەسەندكراوی بوودجەدا ژمارەی میلاك و دامەزراندن پەسەند دەكرێت، لەو ماوەیەش جگە لە دامەزراندنی ژمارەیەك دەرچووی كۆلێژی پزیشكی و دەرمانسازی كە زۆر پێویست بوون، دامەزراندنی دیكە نەبووە“.
هاوكات دزەیی لەبارەی دامەزراندنی نوێی فەرمانبەرانەوە گوتیشی: ”كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات، ئەوەش دوای ئەوەی میلاکات لە چوارچێوەی بوودجە لە پەرمان پەسەن دەکرێت“.
گوتەبێژەكەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان هیواشی خواست كە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن و هەرێم شایستە داراییەکانی وەربگرێت، دواتر یاسای بوودجە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێ و كابینەی نوێ بتوانێت كارەكانی ئەنجام بدات.
باسنيوز
