داوای پۆستی وەزاری ناکەین و پاڵپشتیی کابینەی نۆیەم دەکەین
مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند"کاتژمێر 10:30 مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکھاتەکان کۆ دەبێتەوە و سەرەتا لەگەڵ پێکھاتەی تورکمان چاوپێکەوتن و گفتوگۆ دەکات".
لەبارەی داواکارییەکانیان، مونا قاوەچی گوتی: "داوکارییەکانی ئێمە بۆ کابینەی نۆیەم لە ئاستی بەرێوەبەری گشتی و راوێژکاری و پێدانی مافەکانی تورکمانە لە کابینەی نۆیەمدا و داوای پۆستی وەزاری ناکەین، چونکە بەشی خۆمان لە پەرلەمان وەرگرتووە".
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی گوتیشی: "داوکارییەکانمان نەتەنیا نابنە رێگر لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەتدا، بەڵکوو دەمانەوێت بەشدارێکی کارای پێکھێنانی حکوومەت بین و پاڵپشتی کابینەی نۆیەم خودی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەبین".
لەبارەی کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بو حکوومەتی تازەی ھەرێمی کوردستان گوتی ھیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.
بڕیارە کاتژمێر پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەردانی بەرەی تورکمانی بکات کە بەرەی تورکمانی داوای پۆستی وەزیر دەکەن، بەڵام دیار نییە کام پۆستەیان پێ دەدرێت.
باسنيوز
