ناوی هەشتاونۆ ھەزار و ١١ شەھید ڕادەستی حکوومەتی بەغدا کراوە

 ناوی هەشتاونۆ ھەزار و ١١ شەھید ڕادەستی حکوومەتی بەغدا کراوە
بڕیارە لە عێراق وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی شەھیدان دابمەزرێت و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدانی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، دوای دامەزراندنی وەزارەتەکە یاساکانی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان لە نێوان ھەرێم و بەغدا یەک دەخرێن.



ھەدار بازرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر لیژنەیەک بۆ ھاوتاکردنی لیستی شەھیدانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا پێک ھاتبوو، پڕۆژەیاسایەکیش لەوبارەیەوە ئامادە کراوە، کۆتاییی مانگی ڕابردوو لیژنەکە کارەکانی تەواو کرد و ژمارەیەک ڕاسپاردەی ئامادە کردوە، لەوانەش، بڕیارە وەزارەتێک لە عێراق بە ناوی وەزارەتی شەھیدان دابمەزرێت و ھەموو شەھیدانی عێراق لەخۆ دەگرێت، واتە دەزگای شەھیدانی عێراق و زیندانیانی سیاسی و وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان سەر بەو وەزارەتە نوێیە دەبن."



جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: "بڕیارە ھەموو یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و جینۆساید لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ ھاوتا بکرێن، لیژنەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی عێراقیش بڕیارە پڕۆژەیاسایەک ئامادە بکات بۆ دامەزراندنی وەزارەتی شەھیدان و دوای پەسەندکردن و دامەزراندنی وەزارەت، یاساکان یەک دەخرێن."



ھەدار بازرانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەم حەفتەیەدا دەست بە ھەنگاوەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی دامەزراندنی وەزارەتی شەھیدان دەست پێ بکرێت، لەبەر ئەوەی خەڵکی و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان چاوەڕێی ئێمەن بۆ ئەوەی لە مووچە و ئیمتیازاتیان سوودمەند بن، بێگومان چی باشە و لە بەرژەوەندیی ئەواندایە ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین."



جێی ئاماژەیە ھەرێمی کوردستان لیستی ناوی ھەشتاونۆ ھەزار و ١١ شەھید و شەھیدانی جینۆسایدی ڕادەستی حکوومەتی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی مووچەکانیان بخرێتە سەر بەغدا و بەپێی یاسا بۆیان خەرج بکرێت."



kdp-
Top