هەكاری: شاندی پارتی سەردانمان دەكەن.. مەعروف: پشتیوانی لە حكوومەتێكی بەهێز دەكەین

هەكاری: شاندی پارتی سەردانمان دەكەن.. مەعروف: پشتیوانی لە حكوومەتێكی بەهێز دەكەین
بریارە لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، پێكهاتەكان بەشداریی كارایان پێ بكرێت، نوێنەرانی پێكھاتە مەسیحی و توركمانەكانیش ئاشكرای دەكەن، داواكارییان داوەتە شاندی دانوستانكاری پارتی و چاوەڕێن سەردانیان بكەن.

لە كابینەی ڕابردوودا، توركمانەكان بە پۆستی وەزارەتی داد بەشدار بوون، بۆیە ئەمجارە چاویان لەوەیە وەزارەتێك زیاتریان پێ بدرێت و لە ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەش بەشداریی كارایان پێ بكرێت.

پێشتر توركمانەكان داواكارییەكانی خۆیان لە كابینەی نوێ، داوەتە شاندی دانوستانكاری پارتی، ئێستاش چاوەڕێن مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو، سەردانیان بكات، لەم بارەیەشەوە ئایدن مەعرووف، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، تاوەكو ئێستا بە شێوەیەكی رەسمی هیچ پۆستێك بۆ توركمانەكان دیاری نەكراوە، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا چاوەڕێی شاندی پارتین سەردانمان بكەن.

مەعروف دەشڵێت، لە كابینەی ڕابردوودا توركمانەكان بە وەزارەتی داد بەشدار بوون، كە لە ئێستاشدا چاومان لە وەزارەتێك زیاترە لە ئەنجوومەنی وەزیران، یاخود دەستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی پێكهاتەی توركمان و مەسیحییەكان دوو پێكهاتەی گرینگی رەسەنن لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە حكوومەتێكی بەهێزیش دەكەین.

سەرۆكی بەرەی توركمانی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە بۆ توركمانەكان گرینگە بەشدار بن لە كابینەی نوێی حكوومەت، "بەشداربوونیشمان پاڵپشتییەكە بۆ دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، هەر كاتێكیش پۆستێكمان بۆ دیاری كرا، هیچ گرفتێكمان نابێت لە دیاریكردنی كاندید".

هاوكات رۆمیۆ هەكاری، سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی بێت نەهرێن‌ لە هەرێمی كوردستان، بۆ‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانمان دەكەن، پێشتر ئێمە داواكاریی خۆمان پێشكەش بە بەڕێز جەنابی كاك مەسروور بارزانی كردووە و ئەو جارەش هەر هەمان داواكاریمان هەیە لە شاندی بەڕێزیان و پێشمان وایە بەشداریكردنمان فراوانتر بێت لە سەرجەم كابینەكانی تر. ناوبراو دەشڵێ، داوای جێگری سەرۆكوەزیرانمان كردبوو، بۆیە پێویستە قەرەبووی ئەمەمان بۆ بكەنەوە.

لە كابینەی ڕابردوودا، مەسیحییەكان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیان درابوویە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا مەسیحییەكان داوا دەكەن، پۆستی راوێژكاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری كلد و ئاشوورییەكان لە كابینەی نۆیەم وەربگرن و بە وەزارەتێكیش بەشدارییان پێ بكرێت، ئەمە قسەی رۆمیۆ ھەكاری، سەرۆكی فراكسیۆنی ھاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەییە لە پەرلەمانی كوردستان، كە ھاوپەیمانێتییەكەی لە كۆی ٥ كورسیی مەسیحیەكان، خاوەنی سێ كورسیی پەرلەمانییە.
kdp-
Top