نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی کۆبوونەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە.

به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدرال، جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدرال له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دۆستانه‌ و ئه‌رێنیدا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/6/2019 له‌ به‌غدا، بڕیار درا كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عێراق، ده‌ست به‌ قۆناغێكى نوێى دانوستان بكرێت و هه‌فته‌ى داهاتوو لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌سه‌ر‌ ئه‌جێنداى گفتوگۆكان و پرسه‌كانى وه‌ك مادده‌ى (140) و نه‌وت و بودجه‌ و دارایى و پێشمه‌رگه‌ و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى دیكه‌، كۆببنه‌وه‌ و ئاماده‌كارى بكه‌ن بۆ ده‌سپێكردنى گفتوگۆ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا.

هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ قۆناغى داهاتوو له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ پێویستى به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى حكوومه‌تى فیدرالى عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار دروست بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كه‌ ده‌بێ به‌ گیانێكى نیشتمانیانه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بقۆزرێته‌وه‌ و سوودى لێ وه‌ربگیرێت.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ قووڵاییى ستراتیژیى هه‌رێمى كوردستان به‌غدایه‌ و چاره‌سه‌رى دۆزى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدایه‌، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازیار و ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كانه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندیى نیشتمانى.


سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق د. ڤیان سەبری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، "سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێم بۆ دوو مەبەستە، ئەوانیش پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوولایە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئەو سەردانە زۆری گرنگی ھەیە و دەتوانێ کاریگەریی ئیجابیی لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوو لایەن ھەبێت."


kdp -
Top