سلێمانی... بانکی نێودەوڵەتی ژمارەیەک قوتابخانە دروست دەکات
خۆگر خالید بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕايگەیاند لقی بانکی نێودەوڵەتی عێراق بودجەی بۆ دروستکردنی 10 قوتابخانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابین کردووە، بۆیە لە ئێستەدا سەرقاڵی دیاریکردنی شوێن و دابینکردنی زەوین بۆ ئەو قوتابخانانە کە ھەندێکیان لە ناو شاری سلێمانی و ھەندێکی تریشیان لە شار و شارۆچکەکان دروست دەکرێن.
گوتیشی قوتابخانەکان 12 پۆلی و 18 پۆلی دەبن، بەدەر لەوەش بانکی نێودەوڵەتی بودجەی بۆ نۆژەنکردنەوەی 10 قوتابخانەی دیکە دابین کردووە.
خۆگر خالید ڕوونیشی کردەوە کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە، چەند ساڵێکە دروستکردنی قوتابخانە وەستاوە، بەڵام نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان بەردەوام بووە.
بەپێی گوتەکانی خۆگر خالید، بۆ ئەوەی دەوامکردنی تەواوی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە دوو دەوامی و سێ دەوامیەوە ببێتە یەک دەوامی، پێویستیان بە دروستکردنی 200 قوتابخانە ھەیە.
باسنيوز
