گۆران: تا ئێستا 40 سیڤی گەیشتوون بۆ وەرگرتنی چوار پشکی وەزارەت

گۆران: تا ئێستا 40 سیڤی گەیشتوون بۆ وەرگرتنی چوار پشکی وەزارەت
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاند، لیژنەیەكی 11 كەسی بزووتنەوەی گۆڕان راسپێدراون، لەناو 40 سیڤی كە بۆ وەرگرتنی وەزارەت گەیشتوون بە بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ هەر وەزارەتێك سێ بۆ پێنج كەس هەڵبژاردن، تاوەكو بەدەنگدانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یەكێكیان لەسەر پشكی گۆڕان بكرێتە وەزیر.

كاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان راگەیاند: بۆ چوار پۆستی وەزیری پشكی گۆڕان لە كابینەی نوێ‌ نزیكەی 40 كەس سیڤییان ناردوە ‌و بە فەرمانی جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەكی 11 كەسی بۆ پێداچوونەوە ‌و كەمكردنەوی ئەو سیڤییانە دروستكراوە، لیژنەكە بۆ هەر پۆستێكی وەزاری سێ بۆ پێنج كەس هەڵدەبژێدرێ‌ ‌و دواتر بەدەنگدانی جڤاتی نیشتمانی یەكێك لەوانە دەبێتە وەزیر، ئەو لیژنە 11 كەسیەش لەم هەفتەیەدا كارەكانیان تەواودەكەن.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان باسی لەوەش كرد، ئەو ناوانەی باسدەكرێت كە بۆ وەرگرتنی پۆست یەكلایی بووبنەوە راست نییە ‌و گوتیشی: هەموو ئەوانەی پۆست وەردەرگرن بە فلتەری دەنگدانی جڤاتی نیشتمانیدا دەڕۆن.

بزووتنەوەی گۆڕان جگەلە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ‌و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، بە پۆستی چوار وەزیر كە بریتین لە وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە ‌و دارایی ‌و پیشەسازی ‌و كاروباری كۆمەڵایەتی، بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.






rudaw
Top