سه‌رۆك بارزانی: ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردۆتە ئامانج

سه‌رۆك بارزانی: ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردۆتە ئامانج
سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، له‌گه‌ڵ یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كه‌ ئه‌ركی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش له‌ عێراق و كوردستان كۆبووه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18/6/2019، سه‌رۆك بارزانی له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان یاریدەدەر و ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوەری، هێمای بە قوربانیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەدا لە شەڕی تیرۆریستاندا و جەختی لەوە كردەوە كە: سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون، گەلی كوردستان لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە و ئاشتەواییدا هەرگیز دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبردووە.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەكانی داعش و ڕایگەیاند: ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردۆتە ئامانج.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند: ئامانجی تیرۆر دروستكردنی ناكۆكی و دژایەتیی نێوان ئایینەكانە، ئەوەیش بابەتێكی مەترسیدارە. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە هەوڵ و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی پێویستە.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش كرد و پێزانینی هەبوو بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.

هەروەها سەرۆك بارزانی لە ئەرك و كاری خۆی ئاگادار كردەوە كە لە لایەن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی ڕاسپێردراوە بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و دەستپێكردنی پڕۆسەی دادگاییكردنی ئەو داعشانەی دەستیان لە تاوانەكاندا هەبووە. وێڕای ئاماژەدان بە شكانی داعش لەڕووی سەربازییەوە ئەوەی خستەڕوو كە ئەو تاوانانەی لە عێراق و كوردستان لە لایەن داعشەوە ئەنجام دراوە دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.

جەختیشی لەوە كردەوە هەوڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش، لەپێناو جیاكردنەوەی تاوانباران و ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە. داوایشی كرد كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق هاوكاری تیمی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بن و له‌و ئەركەدا پێویستیی بەردەوامی بە ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای پێزانین بۆ ئەو بڕیارەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ئەركێكی پیرۆزی لە قەڵەم دا و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە ڕاگەیاند لەپێناو دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش.





k24
Top