"لە دھۆک پۆلیس کەوتە ئامادەباشییەوە"

لە پارێزگای دھۆک پلانی ئەمنیی ڕۆژانی جەژن ئامادە کراوە و گوتەبێژی پۆلیسی دھۆکیش دەڵێ، ھێزەکانی پۆلیس لە شوێنە گشتییەکان بڵاوەیان پێ دەکرێت بۆ پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی ڕۆژانی جەژن.

موقەدەم ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگاری دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئەمڕۆدا ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای دھۆک کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، چونکە ئێمە پلانی ئەمنیی ڕۆژانی جەژنمان ئامادە کردووە و ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان دەگرینە بەر."

گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک دەڵێت: "لە ھەرسێ ڕۆژی جەژندا سەدان پۆلیس و ئەفسەر و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان و سەروماڵی ھاووڵاتییان لە ھەر ئەگەرەک."

موقەدەم ھێمن سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھێزەکانی پۆلیس لە شوێنە گشتی و قەڵەباڵغەکان بڵاوەیان پێ دەکرێت، چونکە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیار ڕوو لە سنووری پارێزگاری دھۆک بکات و لەبەر ئەوەش، ھەماھەنگییەکی زۆر کراوە بۆ ئەوەی جەژن لە کەشێکی ھێمندا بەڕێ بکەین."

kdp-
Top