"داستانی کۆڕێ ڕژێمی ناچار کرد پەنا بۆ دانوستان ببات"
دوای کۆڕەو ڕژێمی بەعس بە چەکی قورس ھێرشی کردە سەر کوردستان و کۆچی ملیۆنیی لێ پەیدا بوو، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە کۆچی ملیۆنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە کۆڕێی نزیک پیرمام بڕیاری بەرگرییان دا و لە ئەنجامدا داستانی گەورەی کۆڕی تۆمار کرا.
فەرماندە مامک شێخۆ، بەشداربووی داستانی کۆڕێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکەم شەڕی کۆڕی لە ڕۆژی ٧ی نیسان دەستی پێ کرد و ھێزەکانی پێشمەرگە توانییان گورزی کۆشندە لە ھێزەکانی دوژمن بدەن و سەرەڕای کوژراوێکی زۆری ھێزەکانی ڕژێم ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێڵی سەربازیی ڕژێم تێک شکێندران، بەداخەوە ژمارەیەک شەھید و بریندار لە ھێزی پێشمەرگەش ھەبوون، بەڵام ھێزەکانی دوژمن ھەر لە ھەوڵی پێشڕەویدا بوون."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت: "ڕۆژی ١١ی نیسان ئێمە لە قەڵای سپیلک بووین، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بەرەو کۆڕی چووین، تا ھاوکاریی ھێزەکانمان بکەین بۆ پێشگرتن لە پێشڕەویی ھێزەکانی ڕژێم، پێشتر ھێزی پێشمەرگەی تێدا بوو ئیمەیش گەیشتینە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام بەر لەوەی بگەینە مەیدانی شەڕ، یەکەم کەسم بینی فازڵ میرانی لە کۆڕێ بوو، کە مەبەستی دانوستان لەگەل ڕژێم لەسەر فەرمانی سەرکردایەتی ھاتبوو، دیار بوو ڕژێم ھێشتا ددانی بە شکستەکەیدا نەنابوو، ھەڤاڵ فازڵ میرانیش لەوێ مابووەوە."
شێخۆ گوتی: "بە ھەرحاڵ گەیشتینە نێو شەڕەکە و پێکدادانی توند بەڕێوە دەچوو، ژمارەیەک ھێزی بەرەی کوردستانی بەشدارییان لە داستانی کۆڕێدا کرد، بەڵام ھێزی زۆری پارتی لە کۆڕێ بە سەرپەرشتیی فەرماندەی نەمر، سەعید ئەحمەد نادر بەشدارییان کرد، کە ئەوکات فەرماندەی هێزی بارزان بوو."
شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕۆژی ١١ی نیسان شەڕێکی سەخت بەڕێوە چوو دیسان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیی بەرگری بکات و زیانی گەورەش بە ھێزەکانی دوژمن کەوت، بە جۆرێک کە ھێزەکانی دوژمن ھیچ ورەیان نەمابوو، ئیدی ئەو ڕۆژە بووە دواڕۆژی شەڕی ئێمە و ڕژێم."
مامک شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بۆ ڕۆژی ١٢ی نیسان ئێمە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بووین لە سەنگەرەکانی پێشەوە بینیمان ئۆتۆمبێڵی جێب لە پیرمام بەرەو کۆڕێ ھات ئاڵایەکی سپیی پێوە بوو، ژمارەیەک پێشمەرگە تەقەیان لەو جێبە کرد، بەڵام دواتر بینیمان ئاڵای سپی پێوەیە و بڕیارمان دا تەقە نەکرێت تا بزانین چی دەوێت، جێبەکە گەیشتە نێو کۆڕی و ئامر لیوایەکی سوپای عێراقی تێدا بوو، پەیامێکی ڕژێمی پێ بوو کە تێیدا داوای دانوستانی دەکرد."
شەھید لیوا عوسمان پیرانی بەشداربووی داستانی کۆڕێ لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە: "داستانی کۆڕێ بووە ھۆکاری دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان بەرەی کوردستانی و حکوومەتی بەعسدا، چونکە دوای داستانی کۆڕێ ئیدی ڕژێم گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەکان بەرگری دەکات و ناتوانن پێشڕەویی زیاتر بکەن."
شەھید عوسمان پیرانی کە لە شەڕی کۆڕێدا بریندار بوو لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش شەھید بوو گوتیشی: "ژمارەیەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان کرد لە داستانی کۆڕێدا، بەڵام پشکی شێر بە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت، لەبەر ئەوەی ڕاستە ئەوانیش ھاوسەنگەری ئێمە بوون، بەڵام شەڕە قورسەکە زیاتر لەسەر شانی ئێمە بوو، شکاندنی تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕژێم و شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەمان گەواھیی ئەو ڕاستییەن، ھەرچەندە گرینگ لای ئیمە ئەوە بوو کە کورد سەر کەوت و ڕژێم ناچار بوو تەنازول بۆ شۆڕش بکات."
kdp-
