د. عەبدولڕەحیم: بەروبوومی ئەمساڵ لە چاو ساڵانی دیكە باشترە

د. عەبدولڕەحیم: بەروبوومی ئەمساڵ لە چاو ساڵانی دیكە باشترە
لە ئەگەری زیاتری رێژەی بارانبارین، مەترسیی ئەوە ھەیە زیان بە بەروبوومی دانەوێڵە بكەوێت، بەڕێوە‌بەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای ھەولێریش دەڵێت، نەدانی قەرزی كشتوكاڵ بە جووتیاران، كاریگەری كردووەتە سەر بەروبوومەكانیان.

پێشتر قەرزی كشتوكاڵ بە جووتیاران دەدرا، بەڵام بە ھۆی ئەو دۆخە داراییە خراپەی رووی لە ھەرێمی كوردستان كرد، نەتوانرا پێدانی قەرزی جووتیاران بەردەوام بێ، ھەروەك بەڕێو‌ەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای ھەولێر، د. عەبدولڕەحیم عومەر باسی لێوە دەكات، ئەگەر بودجە و باری دارایی حكوومەت باشتر بێت، ئەوا پێدانی ئەو قەرزە بە جووتیاران‌ دەست پێدەكاتەوە. دەشڵێت، وا زوو چاوەڕێی ئەوە ناكرێت تاوەكو حكوومەت قەرز بداتە جووتیاران، بۆیە نەدانی ئەو قەرزەش كاریگەری كردووەتە سەر بەروبوومەكانیان.

د. عەبدولرەحیم عومەر، بەڕێوە‌بەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پێدانی ئەو قەرزە كارێكی باشە بۆ جووتیار و بەروبوومی كشتوكاڵی، چونكە دواجار كشتوكاڵی كوردستان زیاتر پەرەی پێدەدرێ و بەروبوومی ناوخۆ زیاتر دەبێت، بەڵام لە ھەمان كاتدا جووتیارانیش پابەندی دانەوەی ئەو قەرزە نابن.

ساڵی ٢٠١٨ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دواخستنی دانەوەی قەرزی جووتیارانی بۆ ساڵی ٢٠١٩ دواخست، سەبارەت بە دانەوەی ئەو قەرزە لەلایەن جووتیارانەوە، ناوبراو رایدەگەیەنێ، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵ دەدا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە، بەڵام تاوەكو ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی داوای وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لە جووتیاران نەكردووە.

پێوەست بە رێژەی بەروبوومی گەنمی ئەمساڵیش، د.عەبدولڕەحیم پێی وایە، ئەگەر بارانبارین بەو شێوەیە بەردەوام بێ، ئەوا زیان بە بەروبوومە كشتوكاڵییەكان دەگەیەنێ، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بەروبوومی ئەمساڵ لە چاو ساڵەكانی تر باشترە، چونكە ئێستا كاتی گەشەكردنی گەنمە، ئەگەر بێت و ئەو بارانبارینە بۆ ماوەیەك بوەستێ، ئەوا بەروبوومی ئەمساڵ زیاتر دەبێت لە ساڵەكانی تر.
kdp-
Top