"سبەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە لە شنگال ھەڵدەدرێتەوە"

بڕیارە سبەی گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ لە دەڤەری شنگال ھەڵبدرێتەوە و بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونە ڕێککەوتن کە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.



بەڕەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "بڕیارە سبەی ڕۆژی ھەینی، تیمە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی پڕۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دوای شەڕی داعش دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال بکەن، کە گۆڕەکە دەکەوێتە نزیک گوندی کۆچۆی سەر بە شنگالە."



بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمە دووەم گۆڕی بەکۆمەڵە کاری ھەڵدانەوەی لەسەر دەکرێت و پێشتریش گۆڕێکی دیکەیان ھەڵداوەتەوە، بەردەوامیش دەبین تا ھەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەکلا دەکرێنەوە."



بەڕەڤان حەمدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سەردانی شاندی وەزارەت بۆ بەغدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتینە ئەنجامی باش لەسەر ھەماھەنگیی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر، کار لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدیش دەکرێت لە پارێزگای موسەننا و ناوچەکانی دیکەی عێراق."


kdp-
Top