فێستیڤاڵی رۆژی رواندز دوا خرا
بەشی رۆشنبیری و هونەری رواندز، لە راگەیاندراوێكیدا، هۆكاری دواخرانی فێستیڤاڵی رۆژی رواندز ئاشكرا دەكات و رایدەگێنێت، بەشداربوان و هاوشارییان، هەرچەندە ئێستا ئامادەكارییەكان، بۆ ئەنجامدانی یازدەیەمین فێستیڤاڵی "رۆژی رواندز" تەواو كراون کە وەك نەریتێكی ساڵانە لە رێكەوتی (10/4)دا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە سروشتییەی ناوچەكەی گرتۆتەوە و كەشوهەوایەكەی بەردەوام باراناوییە، ئەمەش وا دەكات ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێكی لەو شێوەیە دروست بكات و نەتوانین بە تەواوی بڕگە و بابەتەكانی وەك خۆی بگەیەنینە بەشداربوان.
لەبەر ئەوەش بە پێویستی دەزانین ئەنجامدانی فێستیڤاڵی "ڕۆژی ڕواندز" دوا بخەین، بۆ رۆژانی داهاتوو تا ئەوكاتەی كەشوهەوا لەبار دەبێت.
ئەوەش خراوەتەروو، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵە، رەخساندنی كەشێكی خێزانی و بەخشینی شادی و خۆشییە بە تەواوی خەڵكی ناوچەكە و ئاشتكردنەوەیانە بە سروشت و كولتوور و فۆلكلۆری كوردی، دوور لە هەر ئاستەنگ و ناخۆشییەك.
ئاماژەش بەوەش كراوە، فێستیڤاڵی "ڕۆژی ڕواندز" تایبەتە بە تەواوی چین و توێژەكانی ناوچەكە، بۆیە دەمانەوێت فێستیڤاڵیك ئەنجام بدەین، كە زۆرینەی هاوشارییان لەگەڵمان بەشدار ببن و بڕگە و بابەتەكانی ببێتە جێگای دڵخۆشی و شادیی هەموان.
باسنيوز
