پەرلەمان یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموار دەکاتەوە
کۆبوونەوەکە، کە کۆبوونەوەی ژمارەی 5ـی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە، کاتژمێر 2ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-4-2019 ساز دەکرێت.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا، هەشت ماددەی پرۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەخرێنە دەنگدانەوە و کامیان پەسەند کرا، لە یاساکەدا جێگیر دەبێت.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی داوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فراکسیۆنی پارتی و 12 فراکسیۆنی دیکەی ناو پەرلەمان هەوڵی ئەوە دەدەن، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک خۆیان بمێننەوە و بە کۆدەنگی پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت.
پێشتر ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا، بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد بۆ ئامادەبوون لەو کۆبوونەوەیە، کە بەپێی بانگهێشتەکە، تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستوور.
باسنیوز
