پێنج ھەزار كەس لە وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێن
زانا مەلاخالید، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستانی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی گەیشتووینەتە سیغەیەك دەربارەی كارمەندانی گرێبەست لە ھەرێمی كوردستان، ئەویش ھەر كاتێك دەرفەتی دامەزراندن ھەبێت لە وەزارەتی تەندروستی، سەرەتا كارمەندە گرێبەستەكان مافی دامەزراندنی ھەمیشەییان ھەیە، ئەوانەیشی بە شێوەی خۆبەخش كار دەكەن، دەبنە گرێبەست، چونكە بە بەردەوامی ژمارەی گرێبەست بە وەزارەتی تەندروستی دەدرێت".
ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی گوتیشی: "خەڵكی دیكە لە دەرەوە بە گرێبەست دانامەزرێت لە شوێنی كارمەندە خۆبەخشەكان، لە ساڵانی رابردوو كە دامەزراندن نەبووە پێنج ھەزار لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی خانەنشین كراون، واتە پێنج ھەزار دەرفەتی دامەزراندن لە كەرتی تەندروستیدا ھەیە".
زانا مەلاخالید روونیشی كردەوە: "شوێنی ئەو پێنج ھەزار خانەنشینە پڕ دەكرێتەوە، لەوكاتەدا گرێبەستەكان دەكرێنە ھەمیشەیی و خۆبەخشەكان دەكرێنە گرێبەست، بەو شێوەیە لەگەڵ وەزیری تەندروستی گەیشتینە رێككەوتن و كراوەتە نووسراوی فەرمی و گشتاندنی بۆ دەكرێت".
kdp-
