لە نزیک مەخموور داعش ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی عێراق

	 لە نزیک مەخموور داعش ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی عێراق
ئەمڕۆ لە قەزای مەخموور چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی عێراق و بەرپرسێکی مەخمووریش دەڵێ، زیانی گیانی بە ھێزەکانی عێراق گەیشتووە و حەشد و سوپا پاشەکشەیان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی قەرەچۆغی پارتی لە مەخموور ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ چەکدارانی تیرۆرستی داعش لە نزیک قەزای مەخموور ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکانی حکوومەتی عێراق و شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوانیاندا ڕووی داوە و شەڕەکە لە نزیک گوندی حاجی عەلی ڕووی داوە.

بەرپرسەکەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانمان لە ئەنجامی شەڕەکەی ئەمڕۆدا داعش زیانی بە ھێزەکانی عێراق گەیاندووە و ھێزەکانی عێراق کوژراو و برینداریان ھەیە، بەڵام ژمارەی قوربانیانی ھێزەکانی عێراق نازانین."

کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ماوەی چەند ڕۆژێکە جووڵەی چەکدارانی داعش لە زیادبووندایە و ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیش لە بەرەنگاربوونەوەی داعش پاشەکشە دەکەن، ھەر ئەوەش بووەتە ھۆکاری دروستبوونی مەترسیی گەورە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنیی سنووری قەزای مەخموور."

عەبدوڵڵا دەڵێت: "تەرمی یەکێک لە کوژراوانی سوپای عێراق لە ھێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆدا گەیشتووەتە سەنتەری قەزای مەخموور."


kdp-
Top