کۆنگرەی دەریای مردوو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ھەرێم"

کۆنگرەی دەریای مردوو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ھەرێم
شارەزایەکی ئابووری دەڵێ، بەشداریکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی جیھانیی ئابووریی دەریای مردوو لە ئۆردن گرنگیی زۆری ھەیە و ھەلێکی زێڕینیشە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاکێشن بۆ ئەوەی بێن کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە دۆخی ھەرێمی کوردستان ئێستا زۆر لەبارە."



شاندێکی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە وڵاتی ئۆردن بەشداریی لە حەڤدەھەمین کۆنگرەی ئابووریی جیھانیی دەریای مردوودا کردووە کە لەو کۆنگرەیەدا چەندین وڵاتی جیھانی بەشدارییان کردووە و ھەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو ھەرێمانەی بانگھێشتی فەرمیی کراوە.



مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری، د. ئەرشەد تەھا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەشداریکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی ئابووریی جیھانی دەریای مردوودا گرنگیی زۆر ھەیە و دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کۆکردنەوەی کۆمپانیا جیھانییەکان کە لەو ڕێگەیەوە چەندین گرێبەستی ئابووری گرێ دەدرێن و پێویستە ھەرێمی کوردستانیش ئەو دەرفەتە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا جیھانییەکان لە بەرژوەندیی خۆی بەکار بێنێت."



د. ئەرشەد تەھا گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان دەتوانێ کۆمپانیای زیاتر بۆ ھەرێم ڕابکێشێت، چونکە ئێستا کاتی بووژاندنەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستانە و پاشەکەوتی مووچە نەماوە و شەڕی داعش نەماوە و دۆخی سیاسی سەقامگیرە، بۆیە لە ھەموو ڕوویەکەوە دەرفەتەکە لەبارە بۆ ئەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بکەوێتەوە سەر سکەی خۆی، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی ھاندانی وەبەرھێنەری بیانی و ناوخۆیی بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەرھەمھێنان و دروستکردنی پڕۆژەی نوێ و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ ئەوەی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان چیتر پێویستیان بە حکوومەت نەبێت و لە کەرتی تایبەت کار بکەن، چونکە حکوومەت بەرھەمھێن نییە و ٧٠%ی بوودجەکەی بۆ مووچە دەچێت."



ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوەش کرد: "بەشداریکردنی کورد لەو کۆنگرەیەدا دوو لایەنە، ھەم گرنگیی پێگەی کورد لە ڕووی سیاسی و ھەمیش لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر بەھێزە، چونکە ئێستا ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی نەماوە و بەردەوام ھەنگاو بەرەو باشتر دەنێین، ئەمەش وا دەکات ھەرێمی کوردستان ببێتە ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆیە ھەموو ئاماژەکان لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە ئەرێنین."



تەھا ڕاشیگەیاند: "دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەخساوە بۆ ئەوەی حکوومەتی تازەی ھەرێم سوود لە ھەوڵەکانی ڕابردوو وەرگرێت و ئابوورییەکی سەربەخۆی گەشەسەندوو دروست بکەین و ھەنگاو بەرەو زۆر لەوەی ئێستا باشتر بنێین."
kdp-
Top