وەحیدە یاقوو: سیاسەتێک لە عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە کریستیانەکان پەیڕەو دەکرێت

وەحیدە یاقوو: سیاسەتێک لە عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە کریستیانەکان پەیڕەو دەکرێت
بەھۆی نەبوونی گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو ھێشتا کریستیانەکان ئامادەی گەڕانەوە نین بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست. نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێ، لە عێراق سیاسەتێک بۆ نەھێشتنی کریستیانەکان پەیڕەو دەکرێت.



وەحیدە یاقوو، پەرلەمانتاری پێشووی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان بۆماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق بەر لە شەڕی داعش و دوای شەڕی داعشیش ھیچ خزمەتێکی ئەوتۆی پێشکەش بە ناوچەکانی کریستیان نەکردووە، ئەوەش وای کردوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی کریستیان ئامادە نین بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا."



یاقوو دەشڵێت: "مخابن بەھۆی بێھیوابوونیان ژمارەیەکی بەرچاوی کریستیان سەریان بەرەو ئەوروپا ھەڵگرت و کۆچیان کرد، نەبوونی ھاوکاریی حکوومەتی فیدڕاڵ ھۆکاری سەرەکیی ئاوەداننەکردنەوەی دەشتی نەینەوایە."



نوێنەرەکەی کریستیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ھەوڵێکی زۆر لە عێراق دەدرێت بۆ لەنێوبردنی کریستیانەکان و دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر کوژران و شاربەدەر کران، ژمارەی کریستیانەکان بەرەونەمان دەچێت، چونکە ژمارەیەکی زۆری کریستیان لە بەغدا ھەبوون ھەموویان لەدەست تیرۆر و شەڕی مەزھەبی ڕایان کردووە بۆ ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی بیانی."



وەحیدە یاقوو ڕوونی کردەوە: "لەبری پاراستنیان، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕاڵدا توندۆتیژییەکی لەڕادەبەدەر بەرانبەر ھاووڵاتیانی کریستیان دەکرێت و خەریکە کۆتایی بە کریستیانەکانی عێراق دێنن."
kdp-
Top