"بەشداریی سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی دەریای مردوودا پێگەی کورد بەھێزتر دەکات"
ڕێبین ئازاد، مامۆستای زانکۆ دەربارەی بەشداریی سەرۆک بارزانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو باگڕاوندەی لە بواری سیاسی و نێودەوڵەتیدا ھەیەتی و ڕۆڵی گرینگ و کاریگەریشی لەسەر ئاستی ناوچەکە ھەیە، لەسەر ئەو بنەمایەشە لە ئاستی سەرۆکی وڵاتان بانگھێشتی کۆڕبەندی جیھانیی دەریای مردوو کراوە لە وڵاتی ئۆردن."
ڕێبین ئازاد دەشڵێت: "ئاماژەکانی پێشوازیکردن و دانانی ئاڵای کوردستان و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان، یەکەم ئەوە پێگەی جەنابی سەرۆک دەردەخات لە لایەکی دیکەوە گرینگی و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دەردەخات، بەتایبەتی لەدوای شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، چونکە چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکرێت و لە ھەرێمی کوردستانیش جووڵەی بازرگانی گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە."
ئاشنا بابان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بانگھێشتنی سەرۆک بارزانی بۆ ئۆردن بەو شێوەیە، نیشانەی ئەوەیە وەک دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەتایبەتی شێوازی پێشوازیکردن لە سەرۆک لە فڕۆکەخانە."
بابان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشەی ناوچەکە ژمارەیەکی گرینگە، چونکە کورد بەشێکە لە ھێزی تەوازون لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا و، پێگەی کورد زۆر بەھێزترە لە ڕابردوو، لەبەر ئەوەش، بەبێ ھەرێمی کوردستان و بەبێ کورد ھیچ بڕیارێک لە بوارە جیاوازەکاندا لەبارەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە نادرێت."
kdp-
