سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی دەزگاى كۆنراد ئەدینهاوەر شتیڤینگ كرد
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە ٦ى نیسانی ٢٠١٩، د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی كرد لە شاندێكی دەزگای كۆنراد ئەدینهاوەر شتیڤینگ، لە پارتی كریستیان دیموكراسیی ئەڵمانیا، بە سەرۆكایەتیی گریكۆریاكی، سەرۆكی مەكتەبی بەیرووت بۆ چاودێریكردنی بارودۆخی سووریا و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دیدارەكەدا د. ڤاڵا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهینانی شاندی میوان، باسی لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان حكوومەتى هەرێم و گەلى كورد و حكوومەت و گەلی ئەڵمانیا كرد و ڕایگەیاند: "سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا دەكەین بۆ ئەو هاوكارییانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا و ئێستاش بەردەوام پێشکەش بە هەرێمی كوردستانی دەکەن، وەک مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ پێشمەرگە".
گوتیشی: "خوازریاری پەیوەندییەكی بەهێزین لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانیا لە ڕووی ئابوورییەوە و داوا دەكەین وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بکەن."
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، تیشكی خستەسەر كارەكانی پەرلەمان و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و پێشنیازی كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند: "ئێستا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پێشنیازكراو بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم كراوە و بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، نێوان خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە نابێ لە یەك هەفتە تێپەڕێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا، سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند: "ئێستا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكوومەتی عێراق باشە و دەخوازین دەستووری عێراق بە تەواوی بڕگە و ماددەكانییەوە جێبەجێ بكریت، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠ی دەستوور كە تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و پاراستنی سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەیە".
پاشان مونا نەبی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، كە لە دیدارەكەدا ئامادە بوو، باسى لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكان و پاراستنی مافەكەیانیان بە یاسا لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند: "بۆ جاری یەكەمە لە مێژووی پەرلەمانی كوردستان پێكهاتەیەكی ڕەسەنی ئەو هەرێمە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا بەشدار بێت، ئەمەش نیشانەی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پێدانی ماف بە هەموو پێكهاتەكان و لە پەرلەمانى كوردستانیش یاسایەكى تایبەت بۆ ماف و پاراستنی پێكهاتەكان دەرچووە و كاریش دەكەین بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان".
شاندی میوانیش وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان، بە بۆنەی دەستبەكاربوونیان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، خۆشحاڵیی خۆیان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورى و سیاسی و دیموكراسی و پێدانی مافی پێكهاتەكانەوە دەربڕی.
شاندی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ پەرلەمانی كوردستان خستە ڕوو و ڕایانگەیاند: "هەرێمی كوردستان ئارام و سەقامگیرە، بۆیە دەمانەوێت پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت لەگشت بوارێكدا و لە ڕێگەی خۆمان و دەزگاكەمانەوە هەوڵی تەواو دەدەین بۆ بەهێزكردنى پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا، بۆ ئەو مەبەستەش مانگی شەشی ئەمساڵ شاندێكی باڵای حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن."
kdp-
