چالاکوانێک: دەزگا ئەمنییەکان ڕێگە نادەن لە کرماشان کەمپین بۆ لوڕستان بخەینە ڕێ

چالاکوانێک: دەزگا ئەمنییەکان ڕێگە نادەن لە کرماشان کەمپین بۆ لوڕستان بخەینە ڕێ
نووسەر و چالاکوان و یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپینی (زاگرۆس چاوەڕێمانە) ئاشکرای دەکات، دەزگا ئەمنی و حکوومەتییەکانی ئیران لە کرماشان ڕێگە نادەن ڕێکخراو و چالاکوانانی مەدەنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیی لێقەوماوانی لوڕستان بخەینە ڕێگە.

لەمبارەوە هاشم عەلی وەیسی، شاعیر و چالاکوانی فەرهەنگی و یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپینی "زاگرۆس چاوەڕێمانە" گوتی: "ماوەی هەفتەیەک ئەو کەمپینە لە پاریزگاکانی "ورمێ، سنە و ورمێ" بە شێوەی فراوان دەستی بە چالاکی کردووە و خەڵکی خۆبەخش و چالاکوانانی مەدەنی، نووسەر و ڕۆشنبیران، سەرقاڵی کۆکردنەوەی یارمەتی و کەلوپەلن بۆ خەڵکی لێقەومای لوڕستان، بەڵام دامودەزگا حکوومەتی و ئەمنییەکان لە شاری کرماشان بیانوو دەگرن و ڕێگە نادەن ئەو کەمپینە لەو شارە دەست بە چالاکی بکات".

ئەو چالاکوانە گوتیشی: "چالاکوانانی مەدەنی و نووسەرانی کرماشان بە فەرمی داوایان لە شارەوانی، قایمقامیەت و دەزگا ئەمنییەکان کردووە کە ڕێگە بە وەڕێخستنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بدەن، بەڵام ئەو دامودەزگایانە لەسەر کاریان دادەنێن و بەناو ئیدارە حکوومتییەکاندا دەیانخولێننەوە و بیانووی جۆراوجۆر دەهێننەوە و ترسیان لە ناوی زاگرۆسە".

هاشم عەلی وەیسی ڕای گەیاند: "لە چەند ساڵی رابروودا توێژە جیاجیاکانی فەرهەنگی، چالاکوانی ژینگەپارێز و ئەدەیب و نووسەران و بەگشتی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ئیلام و کرماشان بە چالاکیی جۆراوجۆر دەیانهەوێ دەستەەواژەی، مێژوویی، فەرهەنگی و جوگرافیی "زاگرۆس" بەرینتر و فراوانتر بکەن و ئەمەش بووەتە هێمایەک بۆ کۆکردنەوەی بزووتنەوەی کورد لە دەوری یەکتر، بەڵام حکوومەتی ئێران ترسی لەم پرسەیە و بە مەترسی دادەنێت و ڕێگەی لێ دەگرێت بەناوی "زاگرۆس"ەوە چالاکی بکرێت و بەتایبەتی لەناو سەنتەری گەورە شاری کرماشان ڕێگریی لێ دەکەن".

ڕاشی گەیاند: "پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لەڕێگەی زاگرۆس وەک هێمایەک لە کرماشان و ئیلام جێگەی گرتووە و خەریکە لە لوڕستانیش جێگە دەگرێت و حکوومەتی ئێران ترسی لەم باباتە هەیە و دەیهەوێ چەواشەکاری بکات و ڕێگری لە یەک گوتاریی خەڵک بکات و هاونیشتمانیانی لوڕ لە ئیلام و کرماشان داببڕێت.











باسنيوز
Top