کەمپینی ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی لوڕستان ڕاگەیاندرا

کەمپینی ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی لوڕستان ڕاگەیاندرا
گرووپی میوزیکی (لوڕ) لەڕێگەی کۆنسێرتێکەوە کەمپینێکی ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی کارەساتە سرووشتییەکەی لوڕستان رادەگەیەنێت، بەڕێوبەری گرووپی میوزیکی (لوڕ) ڕای دەگەیەنێت، ژمارەیەکی زۆر ھونەرمەندی دەنگخۆش پشتگیری لە کەمپینەکەمان دەکەن و داھاتی کۆنسێرتەکەمان تەرخان دەکەین بۆ ھاوکاریی لوڕستان لە کوردستانی ڕۆژھەڵات".

نزار زێوەیی، بەڕێوبەری گرووپی میوزیکی (لوڕ)، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "دوای کارەساتە سروشتییەکەی لوڕستان، ئێمە وەکوو گرووپی میوزیکی (لوڕ) بە ھاوکاریی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی، دەستمان کرد بە وەڕێکخستینی کەمپینێک بە مەبەستی ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتوانی کارەساتە سروشتییەکەی لوڕستان، بێگومان کەمپینەکەمان لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدەین و ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام دەبێت".

گوتیشی، ڕاستە لوڕستان ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتی بووەتەوە، بەڵام ھەر مرۆڤێک یان ھەر کوردێک ئازار بچێژێت ئێمە پێمان ناخۆشە بەتایبەتی لوڕەکان پێکھاتەیەکی سەرەکیی نەتەوەی کوردن و ئەمانە ھەمووی کۆمەڵێک فاکتەرن کە وای لێکردووین ئێمە کۆمەک و ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی کارەستاتەکەی لوڕستان کۆ بکەینەوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "ژمارەیەک ھونەرمەندی دەنگخۆشی شاری سلێمانی، پشتگیری لە کەمپینەکە دەکەن، بێگومان داھاتی کۆنسێرتەکە بۆ لێقەوماوانی کارەساتەکەی لوڕستان تەرخان دەکەین، ھەروەھا لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە کۆمەک و ھاوکاری کۆ دەکەینەوە، خۆشبەختانە جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنیی ھەموو ئاسانکارییەکی داوە بۆ ئەوەی ھاوکاریەکان بگاتە سنووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان".

نزار زێوەیی، باسی لەوەش کرد: "لە کاتی کۆڕەوەکەدا کوردانی ڕۆژھەڵات ھاوکاریی ئێمەیان کردووە و بەردەوام دەرگایان واڵا بووە، بۆیە ئەرکی سەرشانمانە ئێمەش لەم کاتەدا فریای کوردستانی رۆژھەڵات بکەوین".










باسنيوز
Top