چالاکوانێکی خانەقین: یارمەتیی خەڵکی لوڕستان ئەرکی نەتەوەییمانە

چالاکوانێکی خانەقین: یارمەتیی خەڵکی لوڕستان ئەرکی نەتەوەییمانە
لە شاری خانەقین، كەمپینی هاوكاری بۆ لێقەوماوانی لافاوەكەی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، كۆ دەكرێتەوە و ئەو كەمپینەش بۆ ماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت و یەکێک لە چالاکوانانی ەمدەنیش دەڵێت ئەو هاوکارییە ئەرکی نەتەوەیی و مرۆییە.

ئەمڕۆ شەممە 6/4/2019، سەلام عەبدوڵا، چالاكوانی دیاری شاری خانەقین و یەكێك لە ئەندامانی كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ لوڕستان لە خانەقین، ڕایگەیاند: "ئێمە لە خانەقین كەمپینێكی كۆكردنەوەی هاوكاریمان بۆ قوربانیانی لافاوەكەی پارێزگای لوڕستان رێك خستووە و بۆ ماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت و ئەو كەمپینە دوورە لە بیری مەزهەبی و حزبی و ئایینی، بەڵكوو كارێكی مرۆڤدۆستانە و نەتەوەییە و بە پێویستمان زانی بە هانانی ئەو خەڵكەوە بچین كە لە لوڕستان لێیان قەوماوە".

گوتیشی: "لەو كەمپینەشدا تەنیا پارە كۆ ناكەینەوە ئیتر كەلوپەلول و كەرەستەی ناو ماڵ و جلوبەرگ و پێداویستی مرۆڤ كە پێویستی بە چییە كۆ دەكەینەوە و پاشان ڕەوانەی لێقەوماوانی لوڕستانی دەكەین".

بەهۆی بارینیبارانی زۆرەوە لە بەشێك لە شارەكانی ئێران لافاو هەستا و زیانی گیانی و مادی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و یەكێك لەو شارانەش پارێزگای لوڕستانە كە زیانێكی زۆر بەر دانیشتوانەكەی كەوتووە.












باسنیوز
Top