د.فوئاد حوسێن لە ھەوڵی دابین کردنی پارەی قەرزی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە

	 د.فوئاد حوسێن لە ھەوڵی دابین کردنی پارەی قەرزی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە
ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق پارەی قەرزی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستانی دابین کردووە و تەنھا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ماوەو لە ئێستادا فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لە ھەوڵی وەرگرتنی رەزامەندی و دابین کردنی پارەکەدایە، بۆیە پارە ئامادەیە و تەنھا رەزامەندی ماوە وەربگیرێت.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند:" وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق ٤٨٠ ملیار دیناری جوتیارانی ھەرێمی ئامادەکردووەو لە یاسای بودجەش باس لەوەکراوە ئەگەر پارەکە کەمبێت لەسەر حکومەت ئەرکە تەواوی بکات کە ٧٠ ملیاری کەمە و بڕیارە ئەویش تەواو بکرێت، چونکە کۆی پارەی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان ٥٥٠ ملیار دینارە.

محەمەد ئەمین فارس گووتیشی، وەزارەتی بازرگانی پارەی ئامادەکردووەو نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وزیران کردووە بۆ خەرج کردنی پارەکە، چونکە پێویستی بە رەزامەندی ئەوان ھەیە و ئێمەش قسەمان لەگەڵ د.فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی کردووە ئەویش لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرێت و پارەکەی بۆ دابین بکرێت، بۆیە پارەی جوتیارانی ھەرێم ئامادەیە و جوتیاران دڵنیادەکەینەوە پارەیان خەرج دەکرێت و ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ھەوڵی بەردەوام داین بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت.
kdp-
Top