پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر شەھیدانی شەڕی داعشدا دەستی پێ کردووە
ژیان تاھر، ئەندامی لیژنەی شەھیدانی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەھیدانی شەڕی بەرەنگاریی داعش بە دوو شێوە پۆلێن کراون، ئەوانەی لە ئەنجامی شەڕەکاندا گیانیان کردبێتە قوربانی، ئەوانە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە خراونەتە سەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و بەشەھید تۆمار کراون و کێشەیان نەماوە، بەڵام ئەوانەی پێشمەرگەن و بەھۆی ڕووداوی دیکەوە شەھید بوونە و لە کاتی شەڕدا نەبووە، واتە بە ھەر ڕووداوێک ئەگەر شەڕ نەبێت ئەوانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و تا ئێستا وەک خانەنشین مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت."
لە ئەنجامی شەڕی سێ ساڵەی بەرەنگاریی تیرۆریستانی داعش نزیکەی ھەزار و ٨٠٠ پێشمەرگە و ئەندامانی ھێزەکانی ناوخۆ شەھید بوونە و ژمارەیەکی بەرچاویش بریندار بوونە.
ئەندامەکەی لیژنەی شەھیدان دەڵێت: "ئەوانەی خراونەتە سەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە، کە پێویستە حکوومەت ھەریەکەو پارچەیەک زەوی بەسەر خانەوادەکانیاندا دابەش بکات."
ژیان تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا یەک خانەوادەی شەھید مابێت پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوودمەند ببن و ھەموو خانەوادەیەک زەوییان بەسەردا دابەش دەکرێت."
kdp-
