مەترسیی چۆڵکردن لەسەر ١٤ گوندی دیکەی کورد لە مەخموور ھەیە

مەترسیی چۆڵکردن لەسەر ١٤ گوندی دیکەی کورد لە مەخموور ھەیە
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور گوتی، داعش لە سنووری مەخموور بووەتە مەترسییەکی جددی و ئێستا مەترسیی لەسەر ١٤ گوندی دیکەی مەخموور ھەیە و ڕەنگە ئەوانیش گوندەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە داعش بەردەوام تەعدایان لێ دەکات و بەزۆر پارەیان لێ وەردەگرێت.

یادگار ئەحمەد، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جموجووڵی داعش لە سنووری مەخموور بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئێستا بەئاشکرا دەچنە سەر گوندەکانی کورد و تەعدایان لێ دەکەن و پارەیان لێ وەردەگرن و جگە لەو گوندانەی چۆڵ کراون چوونەتە سەر ١٤ گوندی دیکەی کورد لە سنووری قەراج و دارەبزمارە و ھەر ماڵێک ٢٥٠ ھەزار دیناریان لێ وەرگرتوون، بۆیە مەترسی لەسەر ئەو ١٤ گوندە ھەیە و ئێستا بەنیازن گوندەکانیان چۆڵ بکەن."

یادگار ئەحمەد گوتیشی: "ئەو ناوچانە دەکەونە سنووری ھێزە عێراقییەکان و لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆشاییەکی ئەمنی دروست بووە و ھێزە عێراقییەکانیش ئەو ناوچانە ناپارێزن و توانای پاراستنیان نییە و لە ئێمەشەوە دوورن بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێ بکەین، بۆیە ئەگەر چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزرێتەوە سەرجەم گوندەکانی کورد لەو سنوورە چۆڵ دەکرێن."

گوتیشی: "جموجووڵی داعش لە سنووری مەخمور گەلێک زۆر بووە و بەئاشکرا دەسووڕێنەوە و بەپێی گوتەی گوندنشینان ژمارەی چەکدارانی داعش لەو سنوورە دەگاتە ٣٠٠ چەکدار."
kdp-
Top