لە ڕواندز دەزگای مین چەند چالاکییەکی بەڕێوە برد
زێبار خالید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كاروباری مین/ هەولێر، رايگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/4/2019 بە بۆنەی رۆژی جیهانیی هۆشیاركردنەوە لە مەترسییەکانی مین، لە ئۆفیسی سەرەكیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كاروباری مین/ هەولێر، لە حامیەی رواندوز چەند چالاكییەك بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە بەرێوە چوو".
گوتیشی: "لە ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مین/ هەولێر و هەر یەكە لە نوێنەری قایمقامیەتی سۆران و رواندوز، چەند بەرپرسێكی ئیداریی ناوچەكە و كارمەند و پیشەگەرانی مین لە سنووری سۆران و دەوروبەری ئامادە بوون".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە مەراسیمەكەدا بە بایەخەوە باسی ئەو رۆژە كرا و جەختیش لەسەر هەوڵەكانی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرایەوە بۆ زیاتر پشتگیریكردنی ئەم بەرنامەیە و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پاكسازیی مین بۆ سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان".
هاوکات پیشانگایەكی وێنەی تایبەت بە خستنەرووی كار و چالاكییەكانی بواری هۆشیاركردنەوە و پاكسازیی مین كرایەوە و لە هەمانكاتیشدا سوپاس و پێزانین بەخشرایە ژمارەیەك كارمەند لە هەمبەر ڕاپەراندنی ئەركەكانیان بە شێوەیەكی سەركەوتوو.
باسنيوز
