سلێمانی.. زیاتر لە 48 تۆن کاڵا و شتومەکی ماوەبەسەرچوو لەناو بران
گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ڕايگەیاند: "لەئەنجامی سەردانە بەردەوامەکانی لێژنە ھاوبەشەکان بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و پشکنین بۆ ئەو کاڵا و شتومەکانەی لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بەکار دەھێنرێن، لێژنە ھاوبەشەکان بە ھاوکاریی ئاسایشی ئابووری، لە مانگی سێدا دەستیان بەسەر بڕی 48 تۆن و 785 کیلۆگرام خۆراک و ماددەی ماوەبەسەرچوودا گرتووە".
گوتیشی: "بەشێکی ئەو کاڵا و شتومەکانەی ماوەیان بەسەرچوو بوو، بەشێکیشیان گومانی خراپبوونیان لێ کراوە و بۆ پشکنین ڕەوانەی تاقیگەکان کراون، ئەنجامەکەش دەریخستووە خراپبوون و شیاوی خواردن و بەکارھێنان نین".
سەرۆکی لێژنە ھاوبەشەکان ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کاڵا و شتومەکانەی لە بەرواری 1/3/2019 تا 31/3/2019، دەستیان بەسەردا گیراوە، پێک ھاتوون لە: خواردن و خواردنەوە، شیرەمەنی، سەوزە و میوە، پاککەرەوەکان، چەرەزات، شیرینی و خواردەمەنی لەقوتووکراو، بۆن و ماددەکانی جوانکاریی خانمان و کەرەستەکانی بۆیاخ و تەلارسازی، کە سەرجەمیان پشکنینی فیزیایی و کیمیاییان بۆ ئەنجام دراوە و شیاوی خواردن و بەکارھێنان نین".
گۆران قادر ئاماژەی بەوەش دا، کە تەواوی ئەو کاڵا و شتومەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی و لەلایەن لێژنەی لەناوبردنەوە، لەناوچەی (تانجەڕۆ)ی شاری سلێمانی، لەناو براون.
باسنيوز
