وەزارەتی كارەبا: بڕی كارەبای نیشتمانیی كوردستان بەرزترین ئاستی تۆمار كرد
وەزارەتی كارەبا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە لە ئەنجامی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و بەرزی ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، رێژەی بەردانەوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەكە زیادی كردووە و بەم هۆیەشەوە توانراوە سەرجەم یەكەكانی كارۆئاوی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو دوو وێستگەیە بخرێنە ئیشەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە لە بەنداوی دوكان رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتە 280 مێگاوات و لە دەربەندیخانیش 240 مێگاوات كارەبا، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمین جارە دەگاتە 3600 مێگاوات كارەبا، بە پشت بەستن بە سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، لەم مانگەشدا ماوەكانی پێدانی كارەبا بۆ 16 كاتژمێر بەرز بووەتەوە.
وەزارەتی كارەبا بۆ سەلامەتی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان بە وردی رەچاوی سەلامەتی وێستگەكە و كاری چاكسازی دەكات و هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستەدا توانراوە هەموو یەكەكان بخرێنە ئیشەوە.
باسنيوز
