حكوومەت 18 هەزار و 700 ئۆتۆمبێلی هەیە و لۆگۆی تایبەتیان لێ دەدات

	 حكوومەت 18 هەزار و 700 ئۆتۆمبێلی هەیە و لۆگۆی تایبەتیان لێ دەدات
وەزارەتی ناوخۆ لە هەوڵی رێكخستنەوەی خەرجیی ئۆتۆمبێلە حكوومییەكانە و لیژنەیەكیشی بۆ رێكخستنەوەی تەواوی ئۆتۆمبێلە حكوومییەكان و سەرفكردنی سووتەمەنی بەپێی پێویستیی كارەكەیان، پێك هێناوە.

سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان 18 هەزار و 700 ئۆتۆمبێلی هەیە، هەر بۆیە ئەو ئۆتۆمبێلانە لۆگۆی تایبەتیان لێ دەدرێت، بۆ ئەوەی لە هەموو ئۆتۆمبێلەكانی دیكە جیا بكرێنەوە.

ناوبراو دەشڵێ: "یەكێك لە بابەتە گرینگەكان چۆنیەتیی رێكخستنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە كە لە دوای دەوامی حكوومی بەكار دێن، هەر بۆیە تۆمارێكمان رێك خستووە، بە مەبەستی راگرتنی ئۆتۆمبێلی حكوومی، ئامانجی وەزارەتی ناوخۆش ئەوەیە لە دوای دەوامی‌ حكوومی ئۆتۆمبێلە حكوومییەكان لە گۆڕەپانێك دابندرێن و بەكار نەهێندرێن".

سامی جەلال ئاماژەی بەوەش كرد، یەكێكی دیكە لە ئامانجەكانیان، رێكخستنەوەی سووتەمەنیی فەرمانگە حكوومییەكانە، بۆیە ئەوان لیژنەیەكی باڵایان بۆ ئەو مەبەستە پێك هێناوە، بۆ ئەوەی بە پێی پێویست ئەو ئۆتۆمبێلانە بەكار بێنن، تۆمارێكیشیان ئامادە كردووە بۆ ئەو پرسە و چۆنیەتیی سەرفكردنی سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێلەكان، واتا بەپێی سرووشتی كارەكەیان چەندیان پێویستە، ئەوەندەیان پێ دەدرێت.

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختیشی لەوە كردەوە، ئەم ئیجرائەتانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی هەڵساوە،‌ دەبێتە فاكتەرێكی زۆر گرینگ بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی ئۆتۆمبێلە حكوومییەكان و بەهەدەرنەدانی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
kdp-
Top