بابەكر زێباری: ڕێژەی كورد لەنێو سوپای عێراقدا ناگاتە سەدا یەكیش

 بابەكر زێباری: ڕێژەی كورد لەنێو سوپای عێراقدا ناگاتە سەدا یەكیش
ئێستا ڕێژەی كورد لەنێو سوپای عێراقدا نزیكە لە سفر لەسەد و سوپاسالاری پێشووی عێراقیش دەڵێ، بەپێی یاسا پێویستە ٢٠%ی سوپای عێراق لە پێكھاتەی كورد بێت.



بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسا و دەستوور پێویستە ڕێژەی بەشداریی كورد لە نێو سوپای عێراقدا بگاتە ٢٠%، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ئەگەر ڕێژەی كورد لەنێو پێكھاتەی سوپای عێراقدا نەگەیەشتبێت بەو ڕێژەیەش، بەڵام بە ڕێژەیەكی باش لە سوپای نوێی عێراقدا بەشداریی ھەبوو".



سوپاسالاری پێشووی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەداخەوە ئێستا ڕێژەی كورد ناگات بە ١%ـیش، كە ئەوەش كاریگەریی خۆی ھەیە. لەو باوەڕەشدا نیم جارێكی دیكە كورد بچێتەوە نێو سوپای عێراق، ئەوان سیستەمی خۆیان هەیە، بۆ نموونە، ژمارەی سەربازانی عێراق لە ٣٠٠ ھەزار كەس پێك دێت و ئێستا ئەو ڕێژەیە پڕ كراوەتەوە".


زێباری دەڵێت: "پێویستە ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەبارەی ڕێژەی كورد لەنێو سوپادا بكەونە دانوستان و كۆ ببنەوە، لەبەر ئەوەی ناكرێت لە عێراقدا كورد پێكھاتەی دووەم بێت و ڕێژەی لە نێو سوپادا نزیك بێت لەسەدا سفر، لەبەر ئەوەش باڵانسی سوپا تێك چووە و ھەرچی كوردە سوپای بەجێ ھێشتووە و شوێنەكەی پڕ كراوەتەوە".
kdp-
Top