لێژنەی یاسایی پەرلەمان ڕاپۆرتێک لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ئامادە دەکا

لێژنەی یاسایی پەرلەمان ڕاپۆرتێک لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ئامادە دەکا
لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و تێیدا ڕاپۆرتێک لەبارەی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئامادە دەکات.

دوێنێ شەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠١٩، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا.

بژار خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند کەمێکی دیکە، کۆبوونەوەی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێشکەشکردنی راپۆرت لەسەر پرۆژەیاسای ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.

جەختیشی کردەوە کە دوای نووسینی ڕاپۆرتەکە، لێژنەی یاسایی ئەو ڕاپۆرتەی خۆی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، تاوەکوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت. بە دووریشی نەزانی کە هەر ئەمڕۆ ڕاپۆرتەکەیان ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.

پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەلایەن فراکسیۆنەکانی پارتی، گۆڕان و چەند فراکسیۆنێکی دیکە و بە واژۆی ٦٨ پەرلەمانتار پێشکەش کراوە.










باسنيوز
Top