شێخ جەعفەر: حەشدی شەعبی ھێزێکی توندڕۆ دێنێتە خانەقین

	 شێخ جەعفەر: حەشدی شەعبی ھێزێکی توندڕۆ دێنێتە خانەقین
- بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، حەشدی شەعبی بەنیازە لە سەرەتای مانگی داھاتوو ھێزێکی توندڕۆ بێنێتە خانەقین بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەش داگیر بکەن کە کوردی لێیە و ھێزی ھاوبەشی لێیە، بۆیە ئەگەر ئەو ھێزە بێتە ناوچەکە مەترسیی پێکدادان و شەڕ ھەیە، چونکە ھێزە کوردەکان ڕێگە نادەن ئەو ھێزە توندڕۆە تەعدا لە خەڵکی ناوچەکە بکات.

بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش چەند ڕۆژێک خۆپیشاندانێک لە لایەن جووتیارانی کوردەوە کرا دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان لە لایەن عەرەبەکانەوە بە ھاوکاریی حەشدی شەعبی و، قایمقامی قەزای خانەقینیش ئاراستەی پارێزگای دیالەی کردووە و ئەوانیش باسیان لەوە کردووە کە پێویستە ئەم کێشەیە بەپێی ماددەی١٤٠ چارەسەر بکرێت."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: "تاوەکو ئەو ھێزانەی لە ناوچەکە بن داگیرکردنی زەویی کوردەکان بەردەوام دەبێت، چونکە ئێستا ئەوان لە ناوچەکە دەسەڵاتدارن."

شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد: "ھێزێکی توندڕۆی حەشدی شەعبی ھێنراوەتە ناو بارەگای لقی ئێمە لە خانەقین و کاری زۆر خراپ دژی کورد دەکەن و ئێستا بەنیازن چوار سریەی پۆلیس لە خانقین بگوازنەوە و ھێزێکی مغاویر بێننە شوێنیان و بە بڕیاری حکوومەتی عێراقیش نییە و بە فەرمانی زارەکیی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالەیە، بۆیە بە ھاتنی ئەو ھێزە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تەواو تێک دەچێت."

شێخ مستەفا گوتیشی: "مەبەست لە ھێنانی ئەو ھێزە بۆ داگیرکردنی بازگەی باوەمەحموودە بۆ ئەوەی ھەموو ناوچەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و ھێزێکی ھاوبەشیش لە باوەمەحموود ھەیە و ئەوانیش قبووڵی ناکەن، بۆیە مەترسی ھەیە پێکدادان ڕوو بدات و ببێتە شەڕ، چونکە لێیان قبووڵ ناکەن بچن تەعدا بکەن ئەو ھێزەیە کە بڕیارە لە ٢ی مانگی داھاتوو ڕەوانەی خانەقین بکرێت."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕوونیشی کردەوە: "ھێزەکانی عێراق لە ناوچەکە چاوەڕێی لیژنەی ھاوبەشی ھەرێم و بەغدا نابن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و دەیانەوێت دۆخەکە زیاتر تێک بدەن."
kdp-
Top