شێخ جەعفەر: حەشدی شەعبی ھێزێکی توندڕۆ دێنێتە خانەقین
بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش چەند ڕۆژێک خۆپیشاندانێک لە لایەن جووتیارانی کوردەوە کرا دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان لە لایەن عەرەبەکانەوە بە ھاوکاریی حەشدی شەعبی و، قایمقامی قەزای خانەقینیش ئاراستەی پارێزگای دیالەی کردووە و ئەوانیش باسیان لەوە کردووە کە پێویستە ئەم کێشەیە بەپێی ماددەی١٤٠ چارەسەر بکرێت."
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: "تاوەکو ئەو ھێزانەی لە ناوچەکە بن داگیرکردنی زەویی کوردەکان بەردەوام دەبێت، چونکە ئێستا ئەوان لە ناوچەکە دەسەڵاتدارن."
شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد: "ھێزێکی توندڕۆی حەشدی شەعبی ھێنراوەتە ناو بارەگای لقی ئێمە لە خانەقین و کاری زۆر خراپ دژی کورد دەکەن و ئێستا بەنیازن چوار سریەی پۆلیس لە خانقین بگوازنەوە و ھێزێکی مغاویر بێننە شوێنیان و بە بڕیاری حکوومەتی عێراقیش نییە و بە فەرمانی زارەکیی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالەیە، بۆیە بە ھاتنی ئەو ھێزە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تەواو تێک دەچێت."
شێخ مستەفا گوتیشی: "مەبەست لە ھێنانی ئەو ھێزە بۆ داگیرکردنی بازگەی باوەمەحموودە بۆ ئەوەی ھەموو ناوچەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و ھێزێکی ھاوبەشیش لە باوەمەحموود ھەیە و ئەوانیش قبووڵی ناکەن، بۆیە مەترسی ھەیە پێکدادان ڕوو بدات و ببێتە شەڕ، چونکە لێیان قبووڵ ناکەن بچن تەعدا بکەن ئەو ھێزەیە کە بڕیارە لە ٢ی مانگی داھاتوو ڕەوانەی خانەقین بکرێت."
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕوونیشی کردەوە: "ھێزەکانی عێراق لە ناوچەکە چاوەڕێی لیژنەی ھاوبەشی ھەرێم و بەغدا نابن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و دەیانەوێت دۆخەکە زیاتر تێک بدەن."
kdp-
