زانکۆی سنە کۆڕی ڕێزلێنان لە هاوژینی مامۆستا هەژار ساز دەکات
بەپێی زانیارییەکان لەو کۆڕەدا کە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی سبەینێ پێنجشەممە 2018.12.13 لەژێر ناوی (یادی خاتوونێک) بەڕێوە دەچێت، ئەم نووسەر و توێژەرانە وتار پێشکەش دەکەن:
"ڕەحمەت سادقی( سنە)، ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، عەتا نەهایی، عەباس غەزاڵی، زیرەک کەماڵ (هەولێر)، عەدنان بەرزنجی، سەلاحەدین ئاشتی سدیق ساڵح (سلێمانی)، شێخ یەحیا بەرزنجی".
هاوکات لە کۆڕیادەکەدا کورتە فیلمێکی بەڵگەنامەیی لەسەر ژیانی دادە مەعسووم پیشان دەدرێت.
و پەردەلادان لەسەر بەڵگەی "پێشکەشی نامەی ئاسەوارەکانی مامۆستا هەژار بۆ زانستگای کوردستان"، هەروەها پەردەلادان لەسەر "خەڵاتی ساڵانەی هەژار بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی" بەڕێوە دەچێت.
شەوی چوارشەممە 2018.8.9، "مەعسوومە ئەحمەدی" هاوسەری مامۆستا هەژار بەهۆی پیری و نەخۆشی لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
"مەعسوومە ئەحمەدی"، لەدایکبووی ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی لە گوندی (نۆبار)ی بۆکان و هاوسەری مامۆستای پلەبەرزی گەل هەژار موکریانی دوای هەڵاتن و ئاوارەبوونی مامۆستا هەژار پاش کۆماری کوردستان، بەخێوکردنی شێرکۆی کوڕە گەورەی دەکەوێتە ئەستۆی و پاشان ڕووی کردووەتە باشووری کوردستان.
بەرهەمی ژیانی هاوبەشی مامۆستا هەژار و خاتوو مەعسوومە چوار کوڕە بەناوەکانی "شێرکۆ، خانی، مستەفا و زاگرۆس."
باسنیوز
