پارتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت ئەنجام دەدەن

 پارتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت ئەنجام دەدەن
پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن.



بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٨ بەڕێوە دەچێت و لە ئاستێکی باڵادا هەردوولا بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن.



هەر لەمبارەیەشەوە کەناڵی (کوردستان ٢٤) بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و گۆڕاندا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکرێت.



پێشتر چەندان بەرپرسی باڵای گۆڕان بە ڕاگەیاندووە کە بەشێکی بەرچاو لە جەماوەر و بەرپرسانی گۆڕان دەخوازن بزووتنەوەکەیان بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتدا بکات، بەڵام بۆ بڕیاری کۆتایی، ئەوان چاوەڕێی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و دواتر کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەکەن.





باسنیوز
Top