دەزگای خێرخوازیی بارزانی: پرۆژەی ئازیزان زیاتر لە چوار هەزار و 450 کەس دەگرێتەوە
عومەر ئەحمەد حەسەن، بەرپرسی پرۆژەی "ئازیزان" لە دەزگای خێرخوازی بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی كردەوە دوای ڕاگەیاندنی پرۆژەی "ئازیزان" ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسانی خێرخواز بەشدارییان لەو پرۆژەیەدا كرد، ئێستا بەشێكی دیكەی پرۆژەی ئازیزانی كوردستان بەسەر چوار هەزار و458 ئازیزدا دابەش دەكرێت.
بڕی پارەەکە بریتییە لە یەك ملیۆن و 337 هەزار و 400 دۆلار، بڕی 300 دۆلار بۆ ماوەی 6 مانگ دەدرێت بە هەر كەسێك و ژمارەی ئەو بێباوكانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كردووە بەم شێوەیە: لە هەولێر هەزار و 214 ئازیز، شاری سلێمانی هەزار و32 ئازیز، دهۆك 810 ئازیز، گەرمیان 608 ئازیز و كەركوكیش 794 ئازیز".
عومەر ئەحمەد حەسەن، ئاماژەی بەوەش کرد لە ئایندەیەكی نزیكدا بە هاوكاریی مانگی سووری ئیمارات، چوار ئۆفەری دیکە کە بریتییە لە ئۆفەری (خاوەن پێداویستیی تایبەت، بێوەژن، خەڵكی بەساڵاچوو، خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت)، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا فۆرمێكمان ئامادە كردووە و هەندێك پێوەرمان دیاری كردووە لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕای دەگەیەنین".
بەرپرسی بەشی ئازیزان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی مژدە بە هاووڵاتییانی خەڵكی مووسڵ و بەغدا دەدات: "ئێستا دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناوی بێباوكانی شاری مووسڵ تۆمار دەكات و زیاتر لە هەشت هەزار منداڵی تۆمار كردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا لە شاری بەغداش دەزگای خێرخوازی بارزانی ئۆفیس دەكاتەوە".
باسنيوز
