لە چەمچەماڵ تەقە لە بارەگایەکی پارتی دەکرێت

 لە چەمچەماڵ تەقە لە بارەگایەکی پارتی دەکرێت
لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستڕێژیی گوللە لە بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کۆردستان کرا.

بەپێی راگەیاندراوێکی لێژنەی ناوچەی چەمچەماڵی پارتی کە ئەمڕۆ سێەممە ۱۱‌‌/۱۲/۲۰۱٨ بڵاوی کردوەتەوە و تێیدا هاتووە: "کاتژمێر ۱۱و ۳٥ خولەکی شەوی ڕابردوو دەستڕێژی گوللە لە بارەگای لیژنەی ناوچەمان لە چەمچەماڵ کرا و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە و تەنیا زیانی مادیی لێ کەوتووتەوە".



راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەو هیوایەین بە زووترین کات بکەرانی ئەو دەستڕێژە بدۆزرێتەوە".



ماوەی زیاتر لە یەک مانگە لە سنووری پاریزگای سلێمانی، و بەتایبەتی قەزای چەمچەماڵ، دیاردەکانی تەقەکردن، کوشتنی خەڵک و هێرش بۆ سەر بارەگای پارت و ڕێکخراوەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە و چاودێرانیش ئەمە بە مەترسی دادەنێن و هۆکارەکەشی بۆ کەمتەرخەمیی دامودەزگا ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی دەگەڕێننەوە.

لە ماوەی ڕابردووشدا لە بازگەیەکی شارەدێی سەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی تەقەیان لە هاووڵاتییەک کرد و لەنێو بازگەکەدا گیانی لەدەست دا، دواتر چەند هێزێک یەکتریان بە تەقەکردنەکە تۆمەتبار کرد.












باسنیوز
Top