لە چەمچەماڵ تەقە لە بارەگایەکی پارتی دەکرێت
بەپێی راگەیاندراوێکی لێژنەی ناوچەی چەمچەماڵی پارتی کە ئەمڕۆ سێەممە ۱۱/۱۲/۲۰۱٨ بڵاوی کردوەتەوە و تێیدا هاتووە: "کاتژمێر ۱۱و ۳٥ خولەکی شەوی ڕابردوو دەستڕێژی گوللە لە بارەگای لیژنەی ناوچەمان لە چەمچەماڵ کرا و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە و تەنیا زیانی مادیی لێ کەوتووتەوە".
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بەو هیوایەین بە زووترین کات بکەرانی ئەو دەستڕێژە بدۆزرێتەوە".
ماوەی زیاتر لە یەک مانگە لە سنووری پاریزگای سلێمانی، و بەتایبەتی قەزای چەمچەماڵ، دیاردەکانی تەقەکردن، کوشتنی خەڵک و هێرش بۆ سەر بارەگای پارت و ڕێکخراوەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە و چاودێرانیش ئەمە بە مەترسی دادەنێن و هۆکارەکەشی بۆ کەمتەرخەمیی دامودەزگا ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی دەگەڕێننەوە.
لە ماوەی ڕابردووشدا لە بازگەیەکی شارەدێی سەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی تەقەیان لە هاووڵاتییەک کرد و لەنێو بازگەکەدا گیانی لەدەست دا، دواتر چەند هێزێک یەکتریان بە تەقەکردنەکە تۆمەتبار کرد.
باسنیوز
